رووداو دیجیتاڵ
نرخی زێڕ بەرزبووەوە، ئەمەش دوای ئەوە هات کە داتاکانی هەلی کار لە ئەمریکا دوێنێ بڵاوبوونەوە لاوازتر بوون لەوەی چاوەڕوان دەکرا و هەروەها دابەزینی نرخی نەوت پاڵپشتی زیاتری بۆ بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ دروستکردووە.
ئەمرۆ سەرنجی بازاڕ چوووەتە سەر راپۆرتی هەلی کاری ئەمریکا کە بڕیارە ئەمڕۆ بڵاوبکرێتەوە کە دەتوانێت ئاماژەی نوێ لەسەر سیاسەتی نەختی بانکی ناوەندی ئەمریکا ئاشكرابکات.
لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، ئەمرۆ نرخی زێڕ بە رێژەی 0.7% بەرزبووەوە و گەیشتە 4,057 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک. نرخی زێڕ دوێنێ گەیشتە بەرزترین ئاستی خۆی لە دوای 23ی حوزەیرانەوە.
رۆژی چوارشەممە زێڕ سەرەتا دابەزی بۆ نزمترین ئاستی حەوت مانگی رابردووی خۆی، بەڵام داتاکانی هەلی کاری تایبەت لە ئەمریکا کەمتر بوون لە ئاستی پێشبینییەکان و بەو هۆیەوەش نرخی زێر بەرزبووەوە.
نیکۆلاس فراپێل، سەرۆکی جیهانیی بازاڕ لە گەورەترین پاڵاوگەی زێڕی ئۆسترالیا، (ABC Refinery) رایگەیاند، "بازاڕ وریایە لەوەی گرەو لەسەر دابەزینی نرخی زێر نەکات لەم ئاستە نزمانەدا بە تایبەتی دوای ئەوەی بە باشی بەرگری لە دوو ئاستی هەستیارکردووە."
نیکۆلاس دەڵێت "داتاکانی هەلیکار کەمتر بوون لە ئاستی پێشبینییەکان، ئەمەش بووەتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی نرخی زێڕبەوپێیەی بازرگانان پێیانوایە ئەو داتایانە رەنگدانەوەی دەبێت لە نێو داتاکا فەرمییەکانی دامەزراندن کە ئەمرۆ بڵاو دەکرێنەوە."
مانگی رابردوو 98,000 هەلی کار لە کەرتی تایبەت لە ئەمریکا رەخساوە کە بەراورد بە 122,000 هەلی کار لە مانگی ئایار کەمترە.
هاوکات، کێڤن وارش، سەرۆکی بانکی ناوەندی ئەمریکا، (فیدراڵ ڕیزێرڤ) رۆژی چوارشەممە رایگەیاند چاوەڕوانییەکان بۆ بەرزبوونەوەی هەڵاوسان لە چەند هەفتەی رابردوودا کەمبوونەتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا دووبارەی کردەوە کە بانکی ناوەندی پابەندە بە دابەزاندنی هەڵاوسان بۆ ئامانجە دیاریکراوەکەی کە 2%ـە.



