رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی راپۆرتێک، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ناردنی بڕێک لە دۆلاری کاشی بە رێگەی ئاسمانی بۆ عێراق دەستپێکردەوە، ئەمەش چەند مانگێک دوای ئەوەی بە مەبەستی گوشارخستنە سەر حکومەتی بەغدا بۆ دوورکەوتنەوە لە ئێران، راگیرابوون.
رۆژی پێنجشەممە، 02-07-2026، دوو یاریدەدەری عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکییان راگەیاند، کاروانی ناردنی دۆلار لە ئەمریکاوە بۆ بەغدا دەستی پێکردووەتەوە.
حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند: "ناردنی کاروانەکانی دۆلار بۆ عێراق دەستی پێکردووەتەوە و کێشەکە چارەسەر کراوە." هاوکات، موزهر محەممەد ساڵح، راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق، دەستپێکردنەوەی گواستنەوەی پارەکەی پشتڕاستکردەوە.
ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لە مانگی نیسانی ئەم ساڵدا گواستنەوەی پارەی نەختینەی دۆلاری بۆ عێراق راگرت و پارەی فرۆشی نەوتی عێراقیشی لە بانکی فیدراڵیی نیویۆرک هێشتەوە.
بەرپرسانی عێراقی لە مانگی نیساندا رایانگەیاندبوو، واشنتن هاوکاری و هاوئاهەنگییە داراییەکانی لەگەڵ دەزگە ئەمنییەکانی عێراقدا هەڵپەساردووە. بەرپرسێکی عێراقی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت رایگەیاند، ئەو سزایانەی سەر کەرتی ئەمنی و سەربازی هێشتا وەک خۆیان ماونەتەوە و هەڵنەگیراون.
ئەم رێکارە لە کاتێکدا گیرانەبەر کە عێراق لە پرۆسەی دەستنیشانکردنی سەرۆکوەزیرانێکی نوێدا بوو و ئەمریکاش هەوڵیدەدا رێگری لەو بەربژێرانە بکات کە وەک لایەنگری ئێران سەیر دەکران. واشنتن داوای لە بەغدا دەکرد کۆنتڕۆڵی تەواوی گرووپەکانی سەر بە ئێران بکات کە لە دەرەوەی کۆنتڕۆڵی دەوڵەتدا دەجووڵێنەوە و هێرش دەکەنە سەر ئامانجەکانی ئەمریکا.
چەند ساڵێک لەمەوبەر، بەپێی رێسای نوێی بانکی نێودەوڵەتی لە چوارچێوەی رێککەوتنێکی نێوان ئەمریکا و عێراقدا، شەفافییەتی زیاتر بۆ گواستنەوەی حەواڵەکانی دۆلار پێویست بوو کە لە هەژمارێکی بانکی فیدراڵیی ئەمریکا لە نیویۆرک پارێزراون. ئامانجەکە رێگریکردن بوو لە دزەکردنی نایاسایی دۆلار بۆ لایەنە نایاساییەکان، سپیکەرانی پارە و ئەوانەی یارمەتیی گرووپە چەکدارەکان لە وڵاتانی دراوسێ، لەنێویاندا ئێران، دەدەن.
تایمز دەڵێ، بانکی ناوەندیی عێراق رۆژانە حەواڵەکان لە هەژمارەکەی نیویۆرک بۆ بەرژەوەندیی بازرگانان و کۆمپانیاکانی عێراق ئاسان دەکات بۆ کڕینی کاڵا لە دەرەوە، ئەمەش پرۆسەیەکی یەکجار گرنگە چونکە کەم کۆمپانیای ناوخۆیی خاوەنی هەژماری بانکی نێودەوڵەتین. بەرپرسێکی هەرێمی کوردستانیش ئەوکات بە رۆژنامەکەی گوتبوو، یەکێک لە پاڵنەرەکانی راگرتنی دۆلار لە مانگی نیساندا، رێگریکردن بوو لە قاچاخکردنی دۆلار لەلایەن گرووپە پاڵپشتیکراوەکانی ئێرانەوە.
عەلی زەیدی لە کۆتایی مانگی نیساندا و کەمێک دوای راگرتنی دۆلارەکان لەلایەن ئەمریکاوە دەسەڵاتی گرتەدەست. ئەمریکا دژایەتیی دامەزراندنی نەکرد، ئەویش دەستبەجێ هەنگاوی نا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی گرووپەکانی سەر بە ئێران و لە یەکەم رێکاردا فەرمانی کرد کە دەبێت سەرجەم میلیشیاکانی وڵاتەکە بکەونە ژێر دەسەڵاتی راستەوخۆی دەوڵەتەوە و تاوەکو ئەیلوول مۆڵەتی بۆ دانان.
دەستپێکردنەوەی کاروانی دۆلار هاوکاتە لەگەڵ دەستپێکردنی کەمپینێکی بەرفراوانی دژە گەندەڵی لەلایەن زەیدییەوە، کە تێیدا بە دەیان بەرپرسی ئێستا و پێشوو، لەوانەش پەرلەمانتاران، بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیرکراون.



