رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی ئامار و توێژینەوەکان لە بانکی ناوەندیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پابەندنەبوونی بەشێک لە دەروازە سنوورییەکان بە بڕیارەکانی حکومەتی فیدراڵ و سیستمی "ئەسیکۆدا"، هۆکاری دروستبوونی ئاستەنگ بووە لەبەردەم بانکەکانی هەرێمی کوردستان بۆ حەواڵەی دەرەکی؛ هاوکات هۆکاری دابەزینی یەدەگی نەختینەیی بۆ پەککەوتنی هەناردەی نەوت لە تەنگەی هورمز دەگەڕێنێتەوە.
رۆژی چوارشەممە، 28ی تشرینی یەکەمی 2026، سەمیر فەخری نیعمە، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی ئامار و توێژینەوەکانی سەر بە بانکی ناوەندیی عێراق، لە وەڵامی چەند پرسیارێکی تۆڕی میدیایی رووداودا، تیشکی خستە سەر چەندین پرسی هەستیاری دارایی، لەوانە پرسی دۆلار لە هەرێمی کوردستان، دابەزینی یەدەگی دراوی بیانی و قەرزەکانی سەر وەزارەتی دارایی.
هەرێمی کوردستان و پرسی بەدەستهێنانی دۆلار
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە پەراوێزخستنی هەرێمی کوردستان لە بەشە دۆلاری فەرمی، سەرەڕای ئەوەی نزیکەی 14%ـی دانیشتووان پێکدەهێنێت، سەمیر فەخری نیعمە روونیکردەوە کە بانکی ناوەندی پشتیوانی لە سەرجەم ئەو بانکانە دەکات، کە سزایان لەسەر نییە بۆ ئەوەی بازرگانیی دەرەکی بە دۆلار بکەن، ئەوەش بەپێی مەرجەکانی پابەندبوون و بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە.
سەبارەت بە گرفتەکانی هەرێمی کوردستانیش، گوتی: "بەشێک لە بانکەکانی هەرێمی کوردستان رووبەڕووی ئاستەنگ بوونەتەوە لە حەواڵەی دەرەکی، بەهۆی پابەندنەبوونی بەشێک لە دەروازەکان بە بڕیارەکانی حکومەتی فیدراڵ لەبارەی جێبەجێکردنی سیستمی ئاسیکۆدا (ASYCUDA)، کە مەرجێکی بنەڕەتییە بۆ بەهێزکردنی باڵانسی حەواڵەکان."
داخستنی تەنگەی هورمز و کەمبوونەوەی یەدەگی نەختینەیی
لەبارەی هۆکارەکانی کەمبوونەوەی بەرچاوی یەدەگی نەختینەیی بانکی ناوەندی لەنێوان مانگەکانی کانوونی دووەم تاوەکو تەممووز، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی ئامار و توێژینەوەکان ئاماژەی بەوە کرد: "داخستنی گەرووی هورمز بووەتە هۆی دابەزینی هەناردەی نەوتی عێراق، ئەمەش کاریگەریی نەرێنی لەسەر داهاتی گشتی دروستکردووە و بووەتە هۆی کەمبوونەوەی کڕینی دۆلاری وەزارەتی دارایی لەلایەن بانکی ناوەندییەوە. هاوکات، بەردەوامیی بانکی ناوەندی لە دابینکردنی خواستی بازاڕ بۆ دۆلار، بووەتە هۆی دابەزینی قەبارەی یەدەگە نەختینەییەکان."
قەرزەکانی سەر وەزارەتی دارایی گەیشتووەتە 30.8 تریلیۆن دینار
سەبارەت بە قەرزە گشتییەکان و رێژەی هەڵاوسان، سەمیر فەخری رایگەیاند، کە بەپێی داتاکانی بانکی ناوەندی، داواکارییە داراییەکانیان لەسەر وەزارەتی دارایی تاوەکو مانگی ئابی 2026 بە بڕی 30.8 تریلیۆن دینار زیادی کردووە. ئەمەش لە چوارچێوەی داشکاندنی حەواڵەکانی خەزێنە (CSD) بۆ وەزارەتی دارایی بووە، بەهۆی ئەو شۆکە داراییەی کە دوای داخستنی هاتووچۆ لە گەرووی هورمز و دابەزینی هەناردەی نەوتی خاو رووبەڕووی عێراق بووەوە.
ئەوەشی خستەڕوو کە کۆنتڕۆڵکردنی هەڵاوسان کاری لە پێشینەی بانکی ناوەندییە، فراوانبوونی مووچەی کەرتی گشتیش تەنیا بەشێکی بچووکی خواستی گشتی پێکدەهێنێت و کاریگەرییەکی سنوورداری لەسەر هەڵاوسان هەیە.
جیاوازیی نرخی دۆلار و رێکارە نوێیەکان
سەبارەت بە مانەوەی جیاوازیی نزیکەی 15 هەزار دیناری لەنێوان نرخی فەرمی و بازاڕی هاوتەریب بۆ هەر 100 دۆلارێک، ئەو بەرپرسەی بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند کە بازاڕ پێویستی بە کاتە بۆ خۆگونجاندن. هۆکاری سەرەکیشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە، کە تەواوی خواستی دۆلار لە کەناڵە فەرمییەکانەوە دابین ناکرێت، بەهۆی مەرجەکانی پابەندبوون و فراوانبوونی بازرگانی لەگەڵ ئەو وڵاتانەی لەژێر سزادان.
بۆ سنووردارکردنی ئەو جیاوازییەش، بانکی ناوەندی چەندین بڕیاری جێبەجێ کردووە:
یەکەم: دەستپێکردنی کارتی ئەلیکترۆنیی تایبەت بە هاوردەکاری بۆ بازرگانانی بچووک، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بانکەکان و کۆمپانیاکانی پارەدان.
دووەم: بەهێزکردنی بەکارهێنانی کارتە پێشەکی دراوەکان (Prepaid Card) لە دەرەوەی عێراق.
سێیەم: جێبەجێکردنی میکانیزمێکی نوێ بۆ گەشتیاران، بە پێدانی 2,000 دۆلار بۆ هەر گەشتیارێک لە دوو مانگدا جارێک، بە زۆرینەی 6 جار لە ساڵێکدا.
چوارەم: بەخشینی ئەو بانکە مۆڵەتپێدراوانەی کە رێکاری پارەدان و دانانی پارەیان لە رێگەی سیستمی "RTGS" تەواو کردووە.

.webp&w=3840&q=75)
