رووداو دیجیتاڵ
رۆژی چوارشەممە نرخی زێڕ درێژەی بە دابەزینەکانی دا و گەیشتە کەمتر لە 3,800 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک. بەوەش لە نزیک نزمترین ئاستی خۆی لە ماوەی 14 مانگی رابردوودا مامەڵەی پێوەدەکرێت. ئەمەش دوای ئەوەی بەرپرسانی بانکی ناوەندیی ئەمریکا ئاماژەیان بە ئەگەری بەرزکردنەوەی زیاتری رێژەی سوودی بانکی کرد بۆ کۆنتڕۆڵکردنی هەڵاوسان.
نرخی زێڕ ئەمڕۆ چوارشەممە لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بە رێژەی 0.8% دابەزی و هەر ئۆنسەیەکی بە 3790 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
ئەلبێرتۆ موسالیم، سەرۆکی بانکی فیدراڵیی سانت لویس رایگەیاند کە پێدەچێت ئابووریی ئەمریکا پێش بەهاری ساڵی داهاتوو پێویستی بە چەندین جار بەرزکردنەوەی دیکەی رێژەی سوودی بانکی هەبێت. هاوکات جۆن ویلیامز، سەرۆکی بانکی فیدراڵیی نیویۆرک ئاماژەی بەوە کرد کە داڕێژەرانی سیاسەتی نەختی هێشتا کاری زۆریان لەپێشە بۆ گەڕاندنەوەی هەڵاوسان بۆ ئاستی ئامانجکراوی 2%.
زێڕ لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران لە کۆتایی مانگی شوباتەوە، زیاتر لە 25٪ـی بەهای خۆی لەدەستداوە، لەبەر ئەوەی شەڕەکە نرخی وزە و هەڵاوسانی بەرزکردووەتەوەو و بانکە ناوەندییەکانی ناچار بە تووندکردنەوەی سیاسەتی نەختی کرد. ئێستا بازاڕەکان پێشبینیی بەرزکردنەوەی 0.25٪ لە مانگەکانی کانوونی یەکەم و کانوونی دووەم دەکەن، کە بەرزکردنەوەیەکی دیکەش لە نیساندا بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
هاوکات سوودی قەواڵە 10 ساڵییەکانی گەنجینەی ئەمریکا نزیک بووەتەوە لە تۆمارکردنی درێژترین ماوەی مانەوە لە سەرووی 5% لە ماوەی نزیکەی دوو دەیەی رابردوودا. ئەمەش لە سەرنجڕاکێشیی کانزا بەنرخەکان کەم دەکاتەوە کە هیچ سوودێکی دارایی بەرهەم ناهێنن.
ئێستاش وەبەرهێنەران چاوەڕێی بڵاوبوونەوەی کۆنووسی کۆبوونەوەی مانگی تشرینی یەکەمی بانکی ناوەندی ئەمریکا دەکەن لە درەنگانی ئەمڕۆ چوارشەممەدا بۆ وەرگرتنی ئاماژەی زیاتر لەبارەی ئاسۆی سوودی بانکی، دوای ئەوەی کێڤن وارش، سەرۆکی بانکی ناوەندی لە لێدوانەکانی سەرەتای ئەم هەفتەیەیدا خۆی لە باسکردنی راستەوخۆی رێژەی سوود بەدوور گرتبوو و سەرنجی خستبووە سەر لێکەوتە ئابوورییەکانی ژیریی دەستکرد.
شارەزایانانی بانکی (ANZ) رایانگەیاندوە کە پێشبینیی بنەڕەتیی ئەوان بریتییە لە سێ جار بەرزکردنەوەی سوودی بانکی بە رێژەی 0.25٪ لە مانگەکانی کانوونی یەکەم، کانوونی دووەم و ئازاردا، هەرچەندە "ناتوانرێت ئەگەری بەرزکردنەوەی 0.50٪ لە مانگی داهاتوودا بەدوور بزانرێت". هۆشداریشیان دا کە ئەم هەنگاوانە دەتوانن دابەزینی کورتخایەنی زێڕ قووڵتر بکەنەوە.
سەرەڕای ئەوەش، بانکەکە ئەم دابەزینە بە کاتی دەزانێت و ئاسۆیەکی گەشبینانەی بۆ مامناوەند و درێژخایەن پاراستووە. بەپێی شیکارییەکەیان، چەقبەستوویی سیاسی لە ئەمریکا نادڵنیایی لەبارەی بودجە و قەرزەکان زیاتر دەکات، ئەوەش پێگەی زێڕ وەک سەرمایەیەکی خۆپارێزی بەهێز دەکات. بانکی ANZ پێشبینی دەکات زێڕ لە دەوروبەری 3,600 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک پێگەیەکی پتەوی پاڵپشتی دروست بکات، و لە ساڵی 2027دا بگاتە ئاستی 4,800 دۆلار.

.webp&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
