رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری بەشی فرۆشتن لە کارگەی چیمەنتۆی دابیندا، رەتیدەکاتەوە ناردنی نەوتی رەش بە نرخی پاڵپشتیکراو لەلایەن بەغداوە راگیرابێت و دەڵێت، تاوەکو ئێستا بەردەوامە.
رۆژی 25ـی تشرینی دووەمی 2026، سەردار حەسەن، بەڕێوەبەری بەشی فرۆشتن لە کارگەی چیمەنتۆی دابین لە پارێزگای هەولێردا، لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی ئابووریدا کە محەممەد شێخ فاتیح پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، تاوەکو ئێستا بڕیاری راگرتنی بەرهەمە نەوتییەکان بەتایبەتی نەوتی رەش نەچووەتە واری جێبەجێکردنەوە و ناردنی بۆ کارگەکەیان بەردەوامە.
بەگوێرەی نووسراوێک کە حوسێن خەرسان، بریکاری یەکەمی بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی عێراق، رۆژی 23ـی تشرینی دووەمی 2026 ئاراستەی سەرجەم دەستە و لقەکانی دابەشکردنی کۆمپانیاکەی کردووە، ئاگاداریکردوونەتەوە بە شێوەیەکی کاتی دابینکردنی پشکی کارگە و کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان لە بەرهەمەکانی نەوت رابگرن.
پێشتر حکومەتی عێراق نرخی تۆنێک نەوتی رەشی بە 150 هەزار دینار دەدایە کارگەکانی هەرێمی کوردستان، دواتر بەرزکرایەوە بۆ 350 هەزار دینار.
سەبارەت بە کاریگەریی بڕیارەکە لەسەر نرخی چیمەنتۆ، سەردار حەسەن گوتی: "بڕیارەکە کاریگەریی لەسەر نرخەکان دەبێت و بەرزدەبنەوە."
باسی لەوەشکرد، خەرجیی کارگەی چیمەنتۆ زۆرە، چونکە یەکێکە لەو پیشەسازییانەی وزەیەکی زۆری پێویستە، لەبەرئەوەی نابێت کوورەکەی بکوژێتەوە.
روونیشیکردەوە، ئەوان ئامادەکارییەکانیان بۆ کاتی راگرتنی ناردنی نەوتی رەش دەستپێکردووە و دەستیان بە کۆگاکردنی نەوتی رەش کردووە.
کارگەی چیمەنتۆی دابین لە پارێزگای هەولێرە و توانای بەرهەمهێنانی نزیکەی هەشت هەزار تۆن چیمەنتۆی هەیە و رۆژانە پێویستی بە نزیکەی 500 تۆن نەوتی رەشە.


