رووداو - تەندروستی
پزیشکێکی پسپۆڕ هۆشداری لە زیادبوونی تووشبووانی شێرپەنجەی کۆڵۆن دەدات و دەڵێت، تەنیا لە نۆرینگەکەی و لەماوەی هەفتەیەکدا سێ تووشبووی شێرپەنجەی کۆڵۆنی دەستنیشان کردووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 6-8-2026 د. رەمەزان کۆچەر، پسپۆڕی دڵ و هەناو بە رووداوی راگەیاند، تائێستا پڕۆگرامێکی نیشتمانی بۆ پشکنینی شێرپەنجەی کۆڵۆن نییە. هەرچەندە ئەو پزیشکە بە پێویستی دەزانێت کە ئەوە ببێتە یەکێک لە کارە هەرە لەپێشەکان بۆ پشکنینی پێشوەختە.
بەگوتەی د. رەمەزان کۆچەر، ئێستا لە جیهانیشدا پشکنینی پێشوەختە بۆ شێرپەنجەی کۆڵۆن لە تەمەنە زووەکاندا دەکرێت، لەکاتێکدا پێشووتر سەروو 50 ساڵی بوو، بەڵام ئێستا لە چلەکانی تەمەنیشدا پێشنیاز دەکرێت.
لەکۆتاییدا ئەو پسپۆڕە هۆشداری دایە ئەوانەی لە ماڵباتەکانیان تووشبووی شێرپەنجەی کۆڵۆن هەیە و گوتی: پێویستە پشکنینی کۆڵۆنیان لەلای پزیشكی پسپۆڕ بکەن، بۆ ئەوەی دڵنیا ببنەوە کە کۆڵۆنیان سەلامەتە، چونکە هەندێک نیشانەی شێرپەنجە هەیە، لە قۆناخی پێشکەوتووەکاندا دەردەکەوێت، بەڵام بە پشکنین دەکرێت زوو دەربکەوێت و زووش چارەسەر بکرێت.


