رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی گورچیلە توێژینەوەکەی و پێشنیازێکی داهێنەرانە لەبارەی شکاندنی بەردی گورچیلە باس دەکات و دەڵێت، داهێنانەکە بەردەکە دەکاتە تۆز و لەگەڵ میز تێکەڵ دەبێت و دێتە خوارەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 6-8-2026 د. کامەران جەلالەدین، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی گورچیلە بە رووداوی راگەیاند، پێویستە لەگەڵ بەکارهێنانی لەیزەر، نازووریش بەکاربهێندرێت، بۆ ئەوەی چارەسەرییەکان کاریگەر بن و نەخۆشەکە بە کەمترین ماوە چاک ببێتەوە.
د. کامەران جەلالەدین ئاشکرای دەکات، ئێستا بەردێکی 2 سانتیمەتری و گەورە دەکرێت بە رێگەی لەیزەر بە 40 خولەک شی بکرێتەوە و نەخۆشەکەش زوو چارەسەر بکرێت و کاریگەریی لاوەکیی کەمتر بێت.
لەبارەی هۆکارەکانی دروستبوونی بەردی گورچیلەوە گوتی: کەمیی ئاوخواردنەوە و شێوازی ژیانی ناتەندروست دوو هۆکاری باون کە ئێستا خەڵک بەهۆیانەوە تووشی بەردی گورچیلە دەبێت.
دوژمنەکانی گورچیلە
* خوێ
* شەکر
* ئازارشکێنەکان
* کافاین
* خۆراکە ئامادەکراوەکان
* کەمخەوی
* زۆرخواردنی گۆشت
* کحول
ئەو پسپۆڕە داهێنانەکەی لە کۆنفرانسی (کلینۆڤا) لە دهۆک پێشکێش کرد، کە رۆژانی پێنجشەممە و شەممە بەردەوام دەبێت لە دهۆک. ئامانجی کۆنفرانسەکە دەرخستنی نوێترین داهێنانەکانی بواری پزیشکییە بۆ نەخۆشییە درێژخایەن و نەخۆشییە دەگمەنەکان.


