رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی کۆلێژی ئەورووپیی دەروونناسیی دەماری دەریخستووە، راهێنانی هەناسەدانی چڕ دەتوانێت هۆشیاری بگۆڕێت و دەروون ئاسوودە بکات.
د. کریستیان شمیتز، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە گوتی: بەگوێرەی توێژینەوەیەکی نوێی وێنەگرتنی مێشک، راهێنانەکانی هەناسەدانی چڕ دەتوانن رێژەی رۆیشتنی خوێن بۆ مادەی خۆلەمێشی مێشک تاوەکو 45٪ کەم بکەنەوە و پەیوەندیی نێوان تۆڕەکانی مێشک بگۆڕن.
توێژینەوەکە 30 کەسی تەندروست و راهێنراوی لەخۆگرتبوو کە لە کاتی پشکنینی تیشکی MRIدا راهێنانی هەناسەدانیان ئەنجامدا. بەشداربووان باسیان لە دۆخە بەهێزەکانی گۆڕانی هۆشیاری کرد، کە لە کاریگەریی ماددە هۆشبەرەکان دەچێت، لەوانە گۆڕانی تێگەیشتن، وێنەی خەیاڵیی زیندوو و گۆڕانکاری لە ئەزموونی خودیدا، هەروەها بە شێوەیەکی سەرەکی "دۆخی ئۆقیانووسی" کە هەستێکی قووڵە بە پەیوەستبوون بە گەردوونەوە.
د. کریستیان شمیتز گوتیشی، "زۆر کەس کە راهێنانی هەناسەدانی چڕ دەکەن، باس لە گۆڕانکاریی قووڵ لە تێگەیشتن و ئەزموونی خودیدا دەکەن، بەڵام میکانیزمە بنەڕەتییەکانی مێشک هێشتا بە باشی تێنەگەیشتوون.
توێژینەوەکەمان پێشنیازی ئەوە دەکات کە ئەم ئەزموونانە نەک تەنیا بە گۆڕانکارییە بەرچاوەکانی رۆیشتنی خوێن لە مێشکدا بەڵکو بە گۆڕانکاری لە چۆنیەتیی پەیوەندیکردنی تۆڕە سەرەکییەکانی مێشکیشەوە بەستراونەتەوە."
لە کۆتایدا توێژەران ئاماژە بەوەدەکەن تێگەیشتن لەم میکانیزمانە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ ئاڕاستەکردنی توێژینەوەکانی داهاتوو لەبارەی رێبازی نوێ بۆ چارەسەری تەندروستیی دەروونی.



