رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی ناوەندی پزیشکیی زانکۆی ڤاندەربیڵت لە ئەمریکا نهێنیی تەمەندرێژیی کیسەڵێکی زەبەلاحی تەمەن 194 ساڵ بە ناوی جۆناسان ئاشکرا دەکات، کە رەنگە رێگە بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی مرۆڤیش خۆش بکات.
د. ستیڤن کلارک پسپۆڕی دەمار و شێرپەنجە و سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: نهێنییەکەی جۆناسان پەیوەندیی بە "ئینترۆپی"ـیەوە هەیە، کە ئارەزووی سیستمە بایۆلۆژییەکانە بۆ تێکچوون بە تێپەڕبوونی کات، یەکێک لە نیشانەکانی پیربوون، تێکچوونی فرمانی مایتۆکۆندریاکانە (ئەو ئەندامۆچکانەی وزە لە خانەکاندا بەرهەم دەهێنن) ئەمەش لە ئەنجامی زیادبوونی ئینتڕۆپی روودەدات، کە کارایی مایتۆکۆندریاکان کەم دەکاتەوە.
ئەو کیسەڵە ناونراوە جۆناسان و توێژەران بۆیان دەرکەوتووە، ئەو خۆی لە زیانەکانی ئینترۆپی پاراستووە، ئەو جینانەی پەیوەستن بە بەرهەمهێنانی وزەی مایتۆکۆندریاوە رێکخستنێکی سەرسوڕهێنەری گەنج مانەوەیان پاراستووە و لەم رووەوە، وەک ئەوە وابوو کە هەرگیز پیر نەبووبێت.
ئەم دۆزینەوانە، پێشنیازی ئەوە دەکەن کە رەنگە بتوانرێت مایتۆکۆندریاکان لە دەرەنجامە پەیوەندیدارەکانی پیربوون بپارێزرێن، بەمەش تەمەنی تەندروستی مرۆڤ درێژبکرێتەوە.
جۆناسان، کە بە کۆنترین ئاژەڵی وشکانیی زیندوو دادەنرێت، لە ساڵی 1832 لەدایکبووە و ئێستا لە دوورگەی سانت هێلێنا دەژی.



