رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی چاو رایدەگەیێنێت، بەکارنەهێنانی چاویلکە لەکاتی کارکردن کێشەی گەورە بۆ ئاسنگەرەکان دروستدەکات و رەنگە ببێتە هۆی لە دەستدانی بینایی چاو.
د. ئەحمەد یەحیا، پسپۆڕی نەخۆشی و نەشتەرگەرییەکانی چاو بە رووداوی راگەیاند، کاتێک ئاسنگەرەکان سەردانمان دەکەن یان سەردانی نەخۆشخانەی فریاکەوتن دەکەن بۆ ئازاری چاویان بە تایبەتی لە شەواندا، کێشەکە ئەوەیە؛ لەحیمکردن بەبێ چاویلکە سەر گلێنەی چاو دەسووتێنێت و زیان بە تۆڕی چاو دەگەیێنێت، چونکە لەحیم تیشکی سەروو وەنەوشەیی دەردەدات و وادەکات ئازارێکی زۆر دروست بکات بە تایبەتی لە شەواندا.
د. ئەحمەد باسی لە حاڵەتێکی دیکە کرد کە تووشی ئاسنگەران دەبێتەوە و گوتی ''کارپێکردنی کۆسەرە بەبێ بەکارهێنانی چاویلکەی خۆپارێزی، ئەگەری هەیە پارچەیەک لەو ئاسنە بپەڕێتە نێو گلێنەی چاو و برینداری بکات، یان چاویان کون بکات ئەگەر چاویلکەی خۆپارێزی بەکار نەهێنن''.
د. ئەحمەد یەحیا دەڵێت، "ئاسن ژەنگ هەڵدێنێ و کاتێک ئەو ئاسنە دەچێتە ناو چاو رەنگە بە هۆی ژەنگی ئاسنەکەوە نەخۆشەکە چاوی لە دەستبدات".
پزیشکەکە رێنوێنی دەدات، کاتێک تووشی ئەم حاڵەتە بوویت وا باشترە سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکەیت و بۆت خاوێن بکاتەوە و نابێت خۆت دەری بهێنی بە بەکارهێنانی شتومەکی پیس وەکو پارە و شتی دیکە چونکە دەبێتە هۆی توشبوونی گلێنەی چاو بە میکرۆب.

