رووداو - تەندروستی
دایکێکی ئەفریقی لەگەڵ منداڵەکەی دەچنە ژوورە رازاوەکان کە تایبەت بۆ منداڵانی ئۆتیزم دروستکراون، ئەو دایکە دەیەوێت دەروونیی ئاسوودە بکات و لەنێو تۆپە بچووکەکان هەناسەی قووڵ وەردەگرێت، چونکە لەبەر کوڕە ئۆتیزمەکەی، دایکێکی ماندووە.
سیساندا هانی، دایکی منداڵی ئۆتیزم دەڵێت ''نازانم چی بڵێم، گوشارم کەم دەبێتەوە. بیرکردنەوەم کەم دەبێتەوە تەنانەت کە دێمە ئێرە، هاوار دەکەم وەک ئەوەی هەست بکەم ئەو قورساییەی لەسەر شانم بوو، نەماوە''.
دایک و باوکان لە گەڕەکێکی ئەفریقای باشوور، لە پێناو یارمەتیدانی منداڵەکانیان، کۆنتێنەرێکی باری فڕێدراویان گۆڕیوە بۆ ژوورێکی رازاوە بە دیزاینی ژێر دەریا کە لە بوتڵی پلاستیکیی دووبارە بەکارهێنراو و گوڵ و سەوزایی دەستکرد دروستیان کردووە.
ئەم ژوورە بۆ ئەو منداڵانە دروستکراوە کە کێشەی سۆزداری، دەروونی و ئۆتیزمیان هەیە، بەڵام گەورانیش سوودی لێ وەردەگرن و دەچن دەروونییان ئاسوودە بکەن.
د. دی بلاکی، پسپۆڕی مرۆڤناسیی پزیشکی دەڵێت، شتە ناوازەکە سەبارەت بە شێوازی دیزاینکردنی ژوورە رازاوەکان ئەوەیە، لەنێویاندا هیچ شتێکت نییە بیکەیت جگە لە یاریکردن و دەربڕینی خۆشی، پێڵاو و گۆرەوییەکانت دادەکەنیت و دەچیتە نێو حەوزی تۆپەکانەوە. جۆلانێش دەکەیت و پێویستە کارلێک لەگەڵ پێکهاتەکانی سەر دیوارەکان بکەیت. کاتێک دەچیتە نێو شوێنەکە، یەکسەر دەست بە یاریکردن دەکەیت.
بەپێی تەندروستیی جیهانی، نزیکەی 2%ـی ئۆتیزمەکانی جیهان لە ئەفریقان. مانەوە لەنێو ئەو ژوورە رازاوانە بە وێنە و کەلوپەلی سەرنجڕاکێش هەستەکانیان باشتر دەکات و هێمنیتریان دەکاتەوە.



