رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی نوێ دەریخستووە، مێشکی ئەو کەسانەی بە چەند زمانێک قسە دەکەن، بۆ تێگەیشتن و بەکارهێنانی زمانی دایکیان، کەمترین وزە بەکاردەهێنێت بە بەراورد بە زمانەکانی دیکە کە بە باشیش دەیزانن.
بەگوێرەی توێژینەوەیەک کە لە پەیمانگای تەکنەلۆجیی ماساچوسێتس لە ئەمریکا ئەنجامدراوە، دەرکەوتووە بەشێکی تایبەتی مێشک کە بەرپرسە لە زمان، لە کاتی گوێگرتن لە زمانی دایکدا چالاکییەکانی کەمدەبێتەوە.
پرۆفیسۆر د. ئێڤێلینا فێدۆرینکۆ، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت، "شتێک وادەکات تێگەیشتن لە زمانی دایک ئاسانتر بێت، رەنگە هۆکارەکەی ئەوە بێت کە کاتێکی زیاترت بە بەکارهێنانی ئەو زمانە بەسەربردووە، بۆیە چالاکیی مێشک بۆ زمانی دایک کەمترە بە بەراورد بە زمانەکانی دیکە ئەگەر بە باشیش بیزانیت."
توێژەران بۆیان دەرکەوتووە، هەرچەندە شارەزایی کەسێک لە زمانێکی بیانیدا زیاتر بێت، ئەو بەشەی مێشک کە تایبەتە بە زمان چالاکتر دەبێت، بەڵام ئەمە زمانی دایک ناگرێتەوە. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە زمانی دایک تایبەتمەندییەکی هەیە کە وادەکات مێشک بە کەمترین هەوڵ لێی تێبگات.



