رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی زانکۆی بۆستن لە ئەمریکا دەریدەخات، رێژەی تووشبوون بە جەڵتەی مێشک تاوەکو ساڵی 2050 نزیکەی دوو هێندە زیاد دەکات، بەتایبەتی لەنێو گەنجاندا، ئەمەش بەهۆی دەرکەوتنی هۆکارەکانی مەترسی لە تەمەنێکی زووەوە.
د. هوگۆ ئەپاریشیۆ، سەرۆکی تیمی توێژینەوەکە دەڵێت، "هەرچەندە جەڵتەی مێشک زیاتر لە کەسانی بەتەمەندا روودەدات، بەڵام گەنجانیش نابێت وا بیربکەنەوە کە تووشی نابن، بەتایبەتی کە هۆکارەکانی توشبوونیان بە جەڵتەی مێشک هەبێت"
بەگوێرەی راپۆرتێکی زانستیی کۆمەڵەی دڵی ئەمریکی (AHA)، هۆکارە سەرەکییەکانی وەک بەرزیی پەستانی خوێن، قەڵەوی و شەکرە لە تەمەنێکی زووەوە دەستپێدەکەن و مەترسیی تووشبوون بە جەڵتەی مێشک زیاد دەکەن.
توێژینەوەکە پێشبینی دەکات تێچووی ساڵانەی چارەسەری جەڵتەی مێشک لە ئەمریکا لە 65 ملیار دۆلارەوە بۆ نزیکەی 423 ملیار دۆلار بەرزببێتەوە.
توێژەران جەخت لەوە دەکەنەوە کە خۆپاراستنی پێشوەختە، کۆنترۆڵکردنی پەستانی خوێن، پەیڕەوکردنی سیستمی خۆراکیی تەندروست و وەرزشکردن دەتوانن ئەم مەترسییانە کەم بکەنەوە.
دامەزراوەی جەڵتە لە ئەمریکا رایدەگەیێنێت، بۆ ناسینەوەی جەڵتەی مێشک چەند نیشانەیەکی سەرەتایی هەن وەکو؛
- ناڕێکیی رووخسار
- سڕبوونی لایەکی جەستە
- قورسبوونی زمان
- تێکچوونی جووڵە
- ناڕێکیی هاوسەنگیی جەستە
- لاوازبوونی بینین
هەروەها دامەزراوەکە هۆشداریدەدات، هەر کەسێک تووشی یەکێک یاخود چەند نیشانەیەکی جەڵتەی مێشک بوو ئەوا پێویستە لانیکەم لە 30 خولەکدا بگەیێندرێتە نەخۆشخانە تاوەکو چارەسەری پێویستی بۆ بکرێت و کاریگەریی جەڵتەکە لەسەر جەستە و مێشکی تووشبووەکە کەم ببێتەوە.



