رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەک لەلایەن زانکۆی براندەیس لە ئەمریکا ئەنجامدراوە، دەریخستووە کەڵەکەبوونی پڕۆتینی تاو (tau)، کە نیشانەیەکی دیاری نەخۆشیی ئەڵزهایمەرە، پەیوەندی بە خراپتربوونی نیشانەکانی خەمۆکییەوە هەیە لەو کەسانەی کە توانای بیرکردنەوە و یادەوەرییان ئاساییە.
د. تیۆدۆرا مارکۆڤا، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: دەرەنجامەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە کەڵەکەبوونی پرۆتینی تاو لە قۆناخە سەرەتاییەکانی پیربوونی مێشکدا رەنگە ببێتە هۆی دروستبوون یان خراپتربوونی خەمۆکی.
توێژەران شیکارییان بۆ داتای بەژداربووان کرد، کە هەندێکیان کێشەی ژیریان هەبووە و هەندێکی دیکەیان توانای یادەوەری و بیرکردنەوەیان ئاسایی بووە،لە نێو ئەو بەشداربووانەی کە توانای ژیرییان ئاسایی بوو، توێژەران بۆیان دەرکەوت ئەو کەسانەی کە ئاستی پرۆتینی تاویان خێراتر بەرزبووەتەوە، نیشانەکانی خەمۆکیشیان خێراتر زیادی کردووە.
نەخۆشیی ئەڵزهایمەر چییە؟
نەخۆشیی ئەڵزهایمەر، نەخۆشییەکی مێشکە کە وردە وردە یادەوەری و تواناکانی بیرکردنەوە لەناودەبات و لە کۆتاییدا کەسی تووشبوو توانای ئەنجامدانی ئاسانترین کارەکانیشی نامێنێت.
ئەڵزهایمەر باوترین هۆکاری بیرچوونەوەیە لەنێو بەساڵاچوواندا. نیشانەکانی سەرەتا بە لەبیرچوونەوەیەکی کەم دەستپێدەکەن، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات خراپتر دەبن و کار لە قسەکردن، تێگەیشتن و بڕیاردان دەکەن.
ئەم نەخۆشییە بەهۆی کەڵەکەبوونی پرۆتینی نائاسایی لە مێشکدا (وەک پرۆتینی تاو و ئامیلۆید) روودەدات، کە دەبێتە هۆی زیانگەیاندن و مردنی خانەکانی مێشک.



