رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەک لەلایەن زانکۆی بوفالۆ لەئەمریکا ئەنجامدراوە و دەرکەوتووە، نزیکەی یەک لەسەر سێی ئەو بەساڵاچووانەی کە تووشی لەبیرچوونەوە یان کێشەی دیکەی ژیری بوون، دەرمانی زیانبەخش بەکاردەهێنن کە دەتوانێت مێشکیان بپوکێنێتەوە و ئەگەری مردنی پێشوەختەیان زیاتر بکات.
د. هاون سوو، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت، "ئەو بەساڵاچووانەی کە بۆ ماوەی چەندین ساڵ دەرمانی وەک Xanax بۆ دڵەڕاوکێ یان Ambien بۆ خەو بەکاردەهێنن، رەنگە سوود لە کەمکردنەوەی ژەمەکان یان وردە وردە وازلێهێنانی لەژێر چاودێریی پزیشکیدا ببینن. ئەم دەرمانانە دەتوانن کاریگەریی نەرێنییان لەسەر کارایی مێشک، هاوسەنگی و هاوئاهەنگیی جەستە هەبێت''.
پڕۆفیسۆر د. دەیڤید جەیکەبس، یەکێک لە سەرپەرشتیارانی توێژینەوەکە دەڵێت، "ئەمە بەتایبەتی گرنگە، چونکە ئەو بەساڵاچووانەی کە کێشەی ژیرییان هەیە، کەمترین توانایان هەیە بۆ بەرگەگرتنی ئەو دەرمانانەی کە یادەوەری یان بیرکردنەوە خراپتر دەکەن، بەڵام هێشتا نزیکەی یەک لەسەر سێیان وەریدەگرن''.
توێژەران بۆیان دەرکەوتووە، لە نێوان ساڵانی 2011 بۆ 2022، رێژەی ئەو بەساڵاچووانەی کە کێشەی ژیرییان هەیە و دەرمانی نەگونجاویان بەکارهێناوە، لە 39.3%ـەوە بۆ 29.3% دابەزیوە.



