رووداو - تەندروستی
خواردنی حەبی (داراکسۆنراسیب) رۆژانە لەگەڵ چارەسەری کیمیایی لە تاقیکردنەوەیەکی سەرەتاییدا، لە 90%ـی تووشبووانی شێرپەنجەی پەنکریاسدا گەشەی شێرپەنجە راگرتووە و لە نزیکەی 8%ـیشدا گەشەی شێرپەنجە لە CT-SCAN دەرنەکەوتوون.
د. وونگکی پارک، پسپۆڕی چارەسەری پزیشکیی کۆئەندامی هەرس لە سەنتەری شێرپەنجەی میمۆریال سلۆن کێتەرینگ لە ئەمریکا دەریخستووە، لە دوو تاقیکردنەوەی جیادا کاریگەریی دەرمانی داراکسۆنراسیب لەسەر تووشبووانی شێرپەنجەی پەنکریاس ئەنجامدرا. لە تاقیکردنەوەی یەکەمدا کە لەسەر کۆمەڵێک تووشبوو ئەنجامدرا و بەکارهێنانی دەرمانەکە لەگەڵ چارەسەری کیمیایی بووە هۆی بچووکبوونەوە یان نەمانی شێرپەنجە لە زیاتر لە 60%ی تووشبووان، هەروەها لە نزیکەی 8%یاندا گەشەی شێرپەنجە بە تەواوی لەسەر پشکنینی تیشکی دیار نەمابوون.
هەروەها، لە تاقیکردنەوەیەکی دیکەدا لەسەر 500 تووشبوو ئەنجامدراوە، بەکارهێنانی دەرمانەکە بە تەنیا ماوەی ژیانی نەخۆشەکانی بۆ 13.2 مانگ درێژکردەوە، لەو کەسانەی کە تەنیا چارەسەری کیمیاییان وەردەگرت.
د. وونگکی پارک، دەڵێت "دیارنەمانی گەشەی شێرپەنجە لە پشکنیندا بەڵگەی چاکبوونەوەی یەکجاری نییە و هێشتا روون نییە کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکە چەند دەخایەنێت".
د. سام گۆدفرێی لە رێکخراوی شێرپەنجە بۆ توێژینەوەکان لە بەریتانیا رایگەیاند، دەرمانەکە کار دەکاتە سەر بازدانە جینییەکانی (RAS) کە هاندەری گەشەی شێرپەنجەکەن، بەڵام ئاماژەی بەوەشکرد کە شێرپەنجەکە دەکرێت سەرهەڵبداتەوە و پێویست بە توێژینەوەی زیاتر هەیە.



