رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەک ئاشکرایکرد، پارچە وردەکانی پلاستیک (مایکرۆپلاستیک و نانۆپلاستیک) لەگەڵ ئاودا کارلێک دەکەن و گەردی چالاک دروست دەکەن کە زیان بە خانە زیندووەکان دەگەیێنن. ئەمەش مەترسیی نەخۆشییەکانی دڵ، جەڵتەی مێشک و کێشەکانی کۆئەندامی دەمار زیاد بکات.
پرۆفیسۆری د. وەی مین، پسپۆڕی کیمیا لە زانکۆی کۆڵۆمبیا رایگەیاند، خۆراک لە دەفری پلاستیکیدا گەرم مەکەنەوە و ئاوی قوتوو بپارێزن لە تیشکی خۆر، چونکە ئەم پلاستیکانە لەگەڵ دەوروبەریان کارلێک دەکەن، ئەگەری هەیە زیانی بایۆلۆژی بگەیێنن.
نایژین کیان لە زانکۆی کۆڵۆمبیا دەریخستووە، وردە پلاستیکەکان لە کاتی کارلێککردن لەگەڵ ئاودا، جۆرەکانی ئۆکسجینی کارا دروست دەکەن کە دەتوانن زیان بە شانەکانی مرۆڤ و ئاژەڵ بگەیەنن. پلاستیکە وردەکان لە سەرچاوەی جۆراوجۆرەوە دروست دەبێت، وەک کارگەکان و کردارە رۆژانەکانی وەک گەرمکردنی خۆراک یان مانەوەی ئاوی قوتوو لەبەر خۆردا.
بۆ کەمکردنەوەی بەرکەوتنی وردە پلاستیکەکان و پاراستنی تەندروستی و ژینگە پسپۆڕان رێنوێنی دەدەن:
- پێویستە خۆراک لەنێو دەفری پلاستیکیدا لەنێو گەرمکەرەوە گەرم نەکرێتەوە، هەروەها ئاوی نێو قوتوو لە تیشکی خۆر و پلەی گەرمی بەرز دووربخرێتەوە.
- کەمکردنەوەی بەکارهێنانی پلاستیکی یەکجار بەکارهاتوو و دۆزینەوەی جێگرەوەی سەلامەتتر بۆ خۆراک و ئاو پێویستە.
- بۆ دیزاینکردنەوەی پلاستیک کە بەجۆرێک بێت کارلێکە کیمیاییە زیانبەخشەکانی لەگەڵ ئاودا کەمبکرێتەوە و مەترسییەکانی لەسەر تەندروستیی مرۆڤ و ژینگەی ئاوی سنووردار بکرێت.



