رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی زانکۆی نیویۆرک دەریخستووە، دابەزاندنی کێش لە کەسانی قەڵەودا رەنگە پەیوەندیی بە باشتربوونی تەندروستیی مێشکەوە هەبێت.
توێژەران، بەدواداچوونیان بۆ کەسی قەڵەوی تەمەن 33 بۆ 59 ساڵ کرد، کە کێشەی تەندروستیی وەک شەکرەی جۆری 2 و بەرگریی ئینسۆلینیان هەبوو. بەشێک لە بەشداربووان نەشتەرگەریی بچووککردنەوەی گەدە و بەشەکەی دیکەیان دەرمانی دابەزاندنی کێشیان بەکارهێنا.
دوای ساڵێک، دەرکەوت ئەو کەسانەی کە 40%ـی کێشی زیادەیان دابەزاندبوو، باری تەندروستییان بەشێوەیەکی بەرچاو باشتر ببوو، وەک دابەزینی شەکری خوێن، چەوریی زیانبەخش و باشتربوونی ئەنزیمەکانی جگەر.
سەبارەت بە تەندروستیی مێشک، ئەنجامەکان کەمتر روون بوون، لەو گرووپەی کێشیان زۆر دابەزاندبوو، قەبارەی هەندێک ناوچەی مێشک زیاتر بووبوو و ئەو ناوچانەی پەیوەستن بە ئەڵزهایمەرەوە، قەبارەیان وەک خۆی مابووەوە، هیچ گۆڕانکارییەکیش لە توانای بیرکردنەوەی هەردوو گرووپەکەدا بەدینەکرا.



