رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی نوێی زانکۆی جنێڤ، زانیاریی گرنگی لەبارەی چۆنیەتیی گەشەکردنی هێلکەدان ئاشکرا کردووە، کە رێگە بۆ چارەسەرییەکانی داهاتوو لەبواری نەزۆکی و هەندێک جۆری شێرپەنجە خۆش دەکات.
هێلکەدانەکان، کە رۆڵێکی سەرەکییان لە زۆربوون و هاوسەنگیی هۆرمۆنیی خانماندا هەیە، یەدەگێکی هێلکەخانەیان تێدایە کە پێش لەدایکبوون دروست دەبێت. هەر هێلکەخانەیەک لەناو پێکهاتەیەکدایە بە ناوی چیکڵدانە، کە بە خانەی گرانولۆسا دەورەدراوە و دەیپارێزێت، تاوەکو ئێستا سەرچاوەی ئەم خانانە بە نادیاری مابووەوە.
تیمێکی توێژەران بە سەرپەرشتیی د. سێرج نێف، پرۆفیسۆر لە زانکۆی جنێڤ، بۆیان دەرکەوتووە کە خانەکانی گرانولۆسا یەک سەرچاوەیان نییە، بەڵکو دوو سەرچاوەی جیاوازیان هەیە. یەکێک لە سەرچاوەکان دەکەوێتە سەر رووی هێلکەدان، بەڵام دووەمیان لە پێکهاتەیەکی بچووکی لەبیرکراو بە ناوی 'rête ovarii'ـەوە دێت.
ئەم پێکهاتەیە، کە لە ساڵی 1870 دۆزراوەتەوە، بۆ ماوەیەکی زۆر وەک پاشماوەیەکی بێسوودی کۆرپەلە سەیر دەکرا، بەڵام توێژینەوە نوێیەکە دەریخستووە کە رۆڵێکی گرنگی لە دروستکردنی بەشێک لە چیکڵدانەکانی هێلکەداندا هەیە.
دۆزینەوەی ئەم سەرچاوە دوولایەنە، تێڕوانینێکی نوێ لەبارەی گەشەی هێلکەدانەوە دەخاتەڕوو.
د. سێرج نێف، روونیدەکاتەوە و دەڵێت، "ئێمە دەزانین هەندێک لە خانەکانی شێرپەنجەی هێلکەدان جینێک دەردەدەن کە لە خانەکانی 'rête ovarii'ـیشدا هەیە. ئامانجمان ئەوەیە زیاتر لەم پەیوەندییە بکۆڵینەوە بۆ تێگەیشتنێکی باشتر لە شێرپەنجەی هێلکەدان".



