رووداو دیجیتاڵ
لە سێشەممەوە دەست بە وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە سنووری پارێزگای نەینەوا دەکرێ. لە بەرهەمی چوار ملیۆن دۆنم زەویی چێنراو بە گەنم، تەنیا بەرهەمی 600 هەزار دۆنمی وەردەگیرێ.
رۆژی دووشەممە، 8ی حوزەیرانی 2026، محەممەد کاکەیی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لەمشەوەوە بەستەری ئەلیکترۆنی تایبەت بە دانانی نۆرەی رادەستکردنی گەنم کارا دەبێت و لە سێشەممە (9ی حوزەیران)ەوە جووتیاران دەتوانن گەنمەکانیان رادەست بکەن، دوای ئەوەی لە رێگەی بەستەرەکەوە رۆژی رادەستکردنی گەنمەکەیان دیاری دەکرێ".
نەینەوا ساڵانە زۆرترین بەرهەمی گەنمی لەسەر ئاستی عێراق هەیە. لە کۆی حەوت ملیۆن دۆنم زەوی کشتوکاڵی، ئەم ساڵ چوار ملیۆن دۆنمی بە گەنم چێنراوە.
محەممەد کاکەیی رایگەیاند، لەو چوار ملیۆن دۆنمە، گەنمی 600 هەزار دۆنمی وەردەگیرێ کە لە پلانی کشتوکاڵیدایە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیاری وەرگرتنەکە گەنمى ئەو زەویانە ناگرێتەوە کە دێمن و تاوەکو ئێستاش چارەسەری کێشەی وەرنەگرتنی گەنمی دەرەوەی پلانی کشتوکاڵی نەکراوە.
بۆ ئەم ساڵ زیاتر لە چوار ملیۆن دۆنم زەوی لەنێو پلانی کشتوکاڵی عێراق و هەرێمی کوردستاندایە بۆ چاندنى گەنم کە هەر تۆنێکی بە 750 هەزار دینار وەردەگیرێ. لە هەندێک پارێزگاى عێراق گەنمی دەرەوەی پلانەکە بە 500 هەزار دینار لە جووتیاران وەردەگیرێ.
.jpg&w=3840&q=75)

.jpg&w=3840&q=75)

.jpg&w=3840&q=75)