رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە 11 هەزار رووداوی هاتووچۆ لە ساڵی 2025 لە 15 پارێزگای عێراق تۆمار کراون،کە 1.6% لە ساڵی 2024 زیاتر بووە و شۆفێر هۆکاری زیاتر لە 74%ی رووداوەکان و رێگەوبانیش هۆکاری زیاتر لە 6%ی رووداوەکان بوون. بەڵام گیانلەدەستدان بەهۆی ئەو رووداوانەوە 13.5% و برینداربوون 2.8% کەمیان کردووە؛ زیاتر لە 85%ی قوربانیی ئەو رووداوانە رەگەزی نێر بوون.
ئەو ئامارە بەشێکە لە راپۆرتی دەستەی ئامارى سەر بە وەزارەتی پلاندانانی عێراق بۆ ساڵی 2025، لەبارەی وردەکاریی رووداوەکانی هاتووچۆ لەو ساڵەدا.
11900 رووداو
بەگوێرەی ئامارەکە، پار 11 هەزار و 948 رووداوی هاتووچۆی جیاواز لە 15 پارێزگای عێراق تۆمار کراون؛ بەراورد بە ساڵی 2024، ئەو رووداوانە 1.6% زیادیان کردووە.
زۆرترین رووداوی هاتووچۆی پار لە عێراق پێکدادانی ئۆتۆمبێل بووە کە حەوت هەزار و 103 رووداو بووە، بە دوایدا رووداوی لێدان بە ئۆتۆمبێل (شێلان) هاتووە کە سێ هەزار و 811 رووداو بووە؛ پار 964 رووداوی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێل لە سەرانسەری عێراق تۆمار کراون.
بەراورد بە پێنج ساڵی رابردوو، 2025 زۆرترین رووداوی هاتووچۆی تێدا تۆمار کراوە و کەمترینی لە ساڵی 2021 بووە کە 10 هەزار و 600 رووداو بووە.
زۆرترین رووداوی هاتووچۆ لەسەر ئاستی عێراق لە بەغدا بووە کە دوو هەزار و 333 رووداو تۆمار کراون، کەمترینیش لە پارێزگای ئەنبار بووە کە 140 رووداو بووە.
محەممەد سەعید، سەرۆکی رێکخراوی "سەلامە ئەوەلەن" کە تایبەتە بە رووداوەکانی هاتووچۆ لە عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، جگە لەو رووداوانە، چەندین رووداوی دیکە هەن کە بەهۆی ئەوەی تۆمار نەکراون یان ئاشتەوایی لەبارەیانەوە کراوە، بە فەرمی هەژمار نەکراون و پۆلیسی هاتووچۆ تۆماری نەکردوون و سکاڵایان لەسەر نەبووە، بەڵام ئەو رووداوانەی کە قوربانییان لێکەوتووەتەوە دەستبەجێ تۆمار دەکرێن.
بەگوێرەی ئامارەکە، 74.6%ی رووداوەکانی هاتووچۆ هۆکارەکەی شۆفێر بووە، 11.2%یان هۆکارەکەی ئۆتۆمبێلەکە بووە، خراپیی رێگەوبانیش هۆکاری 6.5%ی رووداوەکان بووە.
%52 ـی رووداوەکان لە رۆژدا و ئەوانەی دیکە لە شەو و بەرەبەیاندا بوون کاتێک تاریک بووە.
11000 قوربانی
بەهۆی رووداوەکانی هاتووچۆی پارەوە، دوو هەزار و 351 کەس گیانیان لەدەستداوە کە بەراورد بە ساڵی 2024 ژمارەی گیانلەدەستدان 13.5% کەمیکردووە.
بریندارانی ئەو رووداوانە گەیشتووەتە 11 هەزار و 564 کەس کە بەراورد بە ساڵی 2024 بەرێژەى 2.8% کەمیکردووە.
زۆرترین ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە لە رەگەزی نێر بوون کە هەزار و 916 کەس بوون، ئەوەش 81.5%ی تێکڕای ئەو کەسانە بووە کە بەهۆی رووداوەکانی هاتووچۆوە گیانیان لەدەستداوە، 435 کەس لە رەگەزی مێ بەهۆى رووداوى هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە کە 18.5%ی تێکڕای ئەوانەن کە گیانیان لەدەستداوە.
هەرچی بریندارانە، نۆ هەزار و 753یان پیاو بوون کە 84.3% دەکات، هەزار و 811 کەسی دیکە لە رەگەزی مێ بریندار بوون کە 15.7%ی تێکڕای بریندارانی ئەو رووداوانە دەکات.
زۆرترین رووداو کە گیانلەدەستدانی لێکەوتووەتەوە پێکدادان بووە کە هەزار و 36 کەس بوون، بە دوایدا شێلان دێت کە 912 رووداو بوون.
سەرۆکی رێکخراوی (سەلامە ئەوەلەن) رایگەیاند، کەمبوونەوەی قوربانییانی رووداوەکانی هاتووچۆ پەیوەستە بە تووندکردنەوەی رێکارەکانی پۆلیسی هاتووچۆ و دانانی کامێرای تیژڕۆیی لەسەر رێگە گشتییەکاندا.
.jpg&w=3840&q=75)


.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)