رووداو دیجیتاڵ
مستەفا سەند، وەزیری گەیاندنی عێراق ئەمڕۆ رایگەیاند، گرێبەستێکیان لەگەڵ کۆمپانیایەکی قەتەری واژۆ کردووە بۆ ئەوەی خاکی عێراق وەک ناوەندی گواستنەوەی ئینتەرنێت لەنێوان وڵاتاندا، واتە وەک ترانزێتێک، بەکاربهێنرێت، کە ئەمە یەکەمین گرێبەستی لەم جۆرەیە لە لایەن عێراقەوە واژۆ کرابێت.
رێککەوتنەکە لەگەڵ کۆمپانیای (GBI)ی قەتەری و لە چوارچێوەی پڕۆژەی "رێگەی شارستانییەتەکان" (Civilizations Road) واژۆ کراوە. پڕۆژەکە لە هێڵێکی کێبڵی فایبەر ئۆپتیک پێکدێت کە بە وشکانیدا دەڕوات، لە بەندەری فاو لە باشوورەوە دەستپێدەکات تاوەکو ناحیەی رەبیعە لە باکوور.
بەگوتەی وەزیری گەیاندن، ئەمە یەکەم جارە لە مێژووی عێراقدا مۆدێلی (IRU) بەکاربهێنرێت، کە سیستمێکی بەکرێدانی درێژخایەنی کێبڵی فایبەر ئۆپتیکە.
گرنگیی پڕۆژەکە چییە؟
ئەم رێڕەوە نوێیە رێگە دەدات ئەو داتایانەی لە ئاسیا و وڵاتانی کەنداوەوە دێن، لە بری رێڕەوە دەریاییە دوورەکان، بە وشکانی و لە رێگەی خاکی عێراقەوە بگەنە ئەورووپا. چاوەڕوان دەکرێت ئەم هەنگاوە ببێتە هۆی خێراکردنی ئینتەرنێت و کەمکردنەوەی کێشەی دواکەوتنی گەیشتنی داتا.
مستەفا سەند ئاماژەی بەوە کرد، ئەم رێککەوتنە هەنگاوێکی گرنگە بۆ گۆڕینی عێراق بۆ "رێڕەوێکی دیجیتاڵیی نێودەوڵەتی" بە سوودوەرگرتن لە شوێنە جوگرافییەکەی.
وەزیری گەیاندن راشیگەیاند، لە هەفتەی رابردوودا چەند وڵاتێکی کەنداو ئارەزووی خۆیان بۆ پڕۆژەکە نیشانداوە و وەزارەتەکەش یەکەمین بڕی پارەی گرێبەستەکەی بە دراوی بیانی وەرگرتووە.
وەزیری گەیاندن ئەم رێککەوتنەی بە گەشەکردنێکی ئەرێنی بۆ ژێرخانی دیجیتاڵیی عێراق و رۆڵی داهاتووی وڵاتەکە لە گواستنەوەی ئینتەرنێت لە ناوچەکەدا ناو برد.
.jpg&w=3840&q=75)


