رووداو دیجیتاڵ
ساڵانە لە یادی عاشوورای ئیمام حوسێندا، ملیۆنان زیارەتکار روو لە شاری کەربەلا دەکەن. ئەمساڵیش تەنیا لە ئێرانەوە زیاتر لە سێ ملیۆن کەس بەشداریی رێوڕەسمەکە دەکەن، ئەوەش ژمارەی دانیشتووانی شارەکەی لە ملیۆنێک و 700 هەزار کەسەوە بۆ نزیکەی پێنج ملیۆن کەس بەرزکردووەتەوە.
کەربەلا لەم رۆژانەدا شوێنی جێبوونەوەی نییە و هەموو کون و قوژبنێکی شارەکە بە زیارەتکاران، بەتایبەتی ئێرانییەکان تەنراوە. عەلی محەممەد، زیارەتکارێکی ئێرانییە و نۆیەم جارێتی لە تارانەوە دێتە کەربەلا، ئەو دەڵێت: "شەش جار بەپێ بۆ چلەی ئیمام حوسێن هاتووم و سێ جارانیش بۆ زیارەت، ئەمجارە هاوژین و کوڕەکەشم لەگەڵ خۆم هێناوە."
زیارەتکارانی ئێرانی بە گڕوتینێکی زۆرەوە باس لە پەیوەندیی نێوان خۆیان و ئیمام حوسێن دەکەن. سیاوەش عەلی، یەکێکی دیکەیە لەو زیارەتکارانەی لە ئێرانەوە هاتووە و دەڵێت: "ئیمام حوسێن نایابە و جێگەی مشتومڕ نییە، ئەو لە جیهاندا تاقانەیە و هەر ئاواتێک هەبێت بۆت بەدی دێنێت."
بەشێک لە زیارەتکارە ئێرانییەکان رێگەیەکی دوور و درێژ بە پێ دەبڕن تاوەکو دەگەنە مەزارگەی ئیمام حوسێن. شاهسەنەم ئەمیری، ژنێکی زیارەتکارە و یەکەمجارێتی لە عاشوورادا ئامادە بێت، دەڵێت: "هەموو ساڵێک بۆ چلە دێم و هەشت رۆژ دەمێنینەوە. ئەمساڵیش لەگەڵ هاوژین و منداڵەکانم لە ماوەی سێ رۆژدا بە پێ لە نەجەفەوە هاتینە کەربەلا."
ئەمساڵ جگە لە یادی عاشوورا، بەشێک لە زیارەتکارە ئێرانییەکان ئاماژە بەوە دەکەن پاش تەواوبوونی رێوڕەسمەکان دەگەڕێنەوە وڵاتەکەیان بۆ بەشداری لە مەراسیمی ماڵاوایی لە تەرمی رێبەری کۆچکردووی وڵاتەکەیان. ئەبولفەزل حوسێنی، زیارەتکارێکی دیکەی ئێرانییە و دەڵێت: "تاوەکو سبەی پاشنیوەڕۆ دەگەڕێمەوە بۆ ئەوەی بەشداری لە بەخاکسپاردنی تەرمی رێبەر بکەم."
لای پەیڕوانی مەزهەبی شیعە، ئەم شیوەن و گریان و لەخۆدانە تەنیا نیشانەی خەم نییە، بەڵکو دەربڕینی سۆز و خۆشەویستییەکی قووڵە بۆ ئیمام حوسێن. ئەوان پێیان وایە ئەم پرسەیە کۆتایی نایەت و ساڵ بە ساڵ بە گڕوتینی زیاترەوە یادی دەکەنەوە، وەکو ئاماژەیەک بۆ ئەوەی خوێنی ئیمام حوسێن هێشتا لە جەستەیاندا دەچۆڕێت.



.jpg&w=3840&q=75)