رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق رایگەیاند، لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکان لەگەڵ بریکاری وەزیری نەوت بۆ کاروباری دابەشکردن، دەست بەسەر بڕی 11 ملیۆن دۆلار، چوار ملیار دینار و چەندین خانووبەرەدا گیراوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 29ی حوزەیرانی 2026، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە راگەیێندراوێکدا لە زاری دادوەری لێکۆڵینەوە لە دادگەی ناوەندیی تاوانەکانی دژە گەندەڵی رایگەیاند: "لە ئەنجامی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان لەگەڵ تۆمەتبار عەلی مەعارج بەهادلی، بریکاری وەزیری نەوتی عێراق بۆ کاروباری دابەشکردن، دەست بەسەر بڕێکی زۆر پارەی کاشدا گیراوە."
بەپێی راگەیێندراوەکە، ئەو بڕە پارەیەی دەستی بەسەردا گیراوە پێکهاتووە لە، "11 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی و چوار ملیار دیناری عێراقی."
ئەنجوومەنی باڵای دادەوەری وێنەی پارە دەستبەسەرداگیراوەکانی بڵاوکردووەتەوە و دەردەکەوێت لە نێو چوار جانتا دانراون و لە نێو دیواردا شاردراونەتەوە، هەروەها لە وێنەکاندا جانتایەکی دیکەش دەرکەوتووە، کە پێنج کارتۆنێکی تێدایە، لەگەڵ کاتژمێرێکی دەستیی گرانبەها.
دادگاکە رایگەیاندووە، جیا لەو پارە کاشانە، دەست بەسەر چەندین موڵک و خانووبەرەشدا گیراوە، کە هی تۆمەتبارەکەن و لێکۆڵینەوەکان لەگەڵیدا بەردەوامن.
بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە، 28ـی حوزەیرانی 2026، هێزە ئەمنییەکانی عێراق بە پاڵپشتیی هێزی ئاسمانی، ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانیان لە بەغدا و چەند پارێزگایەکی عێراق دەستپێکردووە. لە ئەنجامدا ژمارەیەک بەرپرسی باڵا و پەرلەمانتار بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیر کراون، کە دیارترینیان موسەننا سامەڕایی، سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزم و عەلی مەعارج بەهادلی، بریکاری وەزیری نەوتی عێراق بوون.
عەلی مەعارج لەلایەن ئەمریکاوە سزا دراوە
عەلی مەعاریج بەهادلی، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ یەکەم بەرپرسی ئەو وەزارەتە کە لە دوای 2003وە لەلایەن ئەمریکاوە سزا بدرێت. ئەو ئەندازیارەی خەڵکی مەیسان بەر لەوەی پۆستە باڵاکەی وەربگرێت، پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا و بەربژێری هاوپەیمانیی نەسر بووە، بەڵام ئێستا ئەو هاوپەیمانێتییە دەڵێت: "پەیوەندیی بە ئێمەوە نەماوە".
ئەو سزایەی عەلی مەعاریج بەهادلی، بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری دابەشکردن، رۆژی پێنجشەممە، 7ی ئایاری 2026 لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە راگەیێنرا وەک بەشێک لە هەڵمەتی "تووڕەیی ئابووری".
بە گوێرەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، عەلی مەعاریج بەهادلی، "پۆستەکەی قۆستووەتەوە بۆ ئاسانکاریی قاچاخچێتیی نەوت بۆ بەرژەوەندیی ئێران و گرووپە چەکدارەکان".
بەهادلی 60 ساڵان، شیعە مەزهەبێکی لەدایکبووی پارێزگای مەیسانی ناوەڕاستی عێراقە، کۆلێژی ئەندازیاریی نەوتی لە زانکۆی بەغدا تەواو کردووە. سەرەتای کارکردنی لە کەرتی نەوت، ئەندازیار بووە لە کۆمپانیای هەڵکەندنی عێراق لە مەیسان، بەر لەوەی بەسەر پەیژەی بەرپرسیارێتییەکاندا بۆ وەزارەتی نەوت لە بەغدا سەربکەوێت.
بەهادلی لەلایەن ئەمریکاوە بەوە تۆمەتبار دەکرێت کە رێگەی داوە رۆژانە بە بەهای ملیۆنان دۆلار نەوت لە کێڵگەی گەیارەوە بە تانکەر بگوازرێتەوە بۆ کۆمپانیای VS OIL لە ناوچەی خۆڕزوبێر لە بەسرە، لەوێ نەوتی ئێرانی و عێراق تێکەڵ کراون و بە بەڵگەنامەی ساختەوە وەک نەوتی عێراقی هەناردەی بازاڕەکانی جیهان کراون.
عەلی مەعاریج بەهادلی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی 2014 لەنێو لیستی دەوڵەتی یاسا لە سنووری مەیسان بەربژێر بووە، بە 14 هەزار و 577 دەنگ بووە بە ئەندامی پەرلەمان و جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و گاز بووە.
لە هەڵبژاردنی 2018 لەنێو لیستی هاوپەیمانیی نەسر بەربژێر بووە کە حەیدەر عەبادی سەرۆکایەتیی دەکات، بەڵام دەنگی پێویستی نەهێنا.
عەقێل ردێنی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر پێشتر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لەدوای ئەوەی پۆستی لە وەزارەتی نەوت وەرگرت، پەیوەندیی بە هاوپەیمانێتییەکەمانەوە نەماوە".
لە ساڵی 2019 بەهادلی وەرگرتنی بەرپرسیارێتیی لە وەزارەتی نەوت هەڵکشاوە، لە بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی ئابوورییەوە بووەتە بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی مەشق و پەرەپێدان، لە سەردەمی حکومەتی محەممەد شیاع سوودانی، بووە بریکاری وەزارەتی نەوت.




