رووداو دیجیتاڵ
چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعە، پشتیوانیی خۆی ئۆپەراسیۆنی "هەڵمەتی بەرەبەیان" رادەگەیێنێت و پێیوایە "متمانە بۆ پرۆسەی سیاسی دەگەڕێننەوە" و داوای بەردەوامی دەکات.
چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعە رۆژی دووشەممە، 29-06-2026، کۆبوونەوەی ئاسایی ژمارە 282ـی خۆی لە نووسینگەی عەبدولحسێن موسەوی، سەرۆکی هاوپەیمانیی نەهجی نیشتمانی و بە ئامادەبوونی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، ئامادەبووان سەرەخۆشییان لە گەلی عێراق و جیهانی ئیسلامی بەبۆنەی یادەکانی عاشووراوە کردەوە و ستایشی رۆڵی هێزە ئەمنییەکان، لایەنە خزمەتگوزارییەکان و مەوکبەکان کرا لە سەرخستنی رێوڕەسمەکانی ئەم ساڵدا.
هەروەها، چوارچێوەی هاوئاهەنگی داوای لە جەماوەرەکەی کرد بەشدارییەکی فراوان لە رێوڕەسمی بەڕێکردنی تەرمی "کۆچکردوو سەید خامنەیی" لەسەر خاکی عێراق بکەن، وەک وەفایەک بۆی.
بەپێی راگەیێندراوەکە، تەوەرێکی سەرەکیی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە پرسی گەندەڵی، کە تێیدا چوارچێوەی هاوئاهەنگی پشتیوانیی هەوڵەکانی حکومەت، دەسەڵاتی دادوەری کردووە بۆ ئۆپەراسیۆنی "هەڵمەتی بەرەبەیان" . ئامادەبووان رایانگەیاندووە، ئەم هەنگاوانە "متمانە بۆ پرۆسەی سیاسی دەگەڕێننەوە."
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا، چوارچێوەی هاوئاهەنگی داوای بەردەوامیی ئەو هەوڵانەی کرد بۆ پاککردنەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت لە گەندەڵکاران و راگرتنی بەهەدەردانی سامانی گشتی.
لە 28ی حوزەیرانەوە هێزە ئەمنییەکانی عێراق، لەسەر بنەمای دانپێدانانەکانی عەدنان جومەیلی، بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوتی عێراق، هەڵمەتێکیان لە چەند پارێزگایەکی عێراق دەست پێکرد بۆ دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی تۆمەتبارن بە گەندەڵی و تاوەکو ئێستا 21 پەرلەمانتار و بەرپرس دەستگیرکراون، کە یەکێک لەوانە عەلی مەعاریج بەهادلی، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراقە بۆ کاروباری دابەشکردنە، کە لە ماڵەکەیدا دەست بەسەر 11 ملیۆن دۆلار و 4 ملیار دیناردا گیرا.



