رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق رایدەگەیێنێت، شەڕی دژ بە گەندەڵی بڕیارێکی بێ گەڕانەوەیە و هەر بەرپرسێک پارەی دزراو بگەڕێنێتەوە، لێی خۆش دەبن. دەشڵێت، زۆربەی گرووپە چەکدارەکان چەکەکانیان رادەستی دەوڵەت کردووە.
عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رۆژنامەی (شەرقولئەوسەت)دا رایگەیاند، "بڕیاری کۆتاییهێنان بە گەندەڵی بژارە نییە، بەڵکو بڕیارێکی چارەنووسسازە بۆ مانەوەی دەوڵەت."
زەیدی گوتیشی، "فەرمانی بە وەزیری دارایی کردووە هەژمارێکی بانکیی تایبەت بکاتەوە بۆ ئەو کەسانەی تێوەگلاون لە گەندەڵی، تاوەکو پارەکان بگەڕێننەوە." گوتیشی، "هەر کەسێک پارەکە بگەڕێنێتەوە، رێککەوتنی پاکتاوکردنی لەگەڵ دەکەین و رێکارەکان بە نهێنی دەهێڵینەوە، بەڵام ئەوەی رەتیبکاتەوە، هەڵوێستێکی دیکەمان دەبێت."
سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، پابەندە بە "قەرزێک کە لە گەردنیەتی بەرامبەر بە عێراق." ئاماژەی بەوەش کرد، "بڕیارم داوە نە مووچە وەربگرم و نە هیچ دیارییەک قبووڵ بکەم، تەنانەت ئەگەر بۆینباخێکیش بێت. دەستی من بەر ماڵی گشتی ناکەوێت."
زەیدی رەتیکردەوە خۆی بۆ ویلایەتی دووەمی سەرۆکوەزیران بەربژێر بکاتەوە و گوتیشی، هیچ حیزبێکی سیاسی دانامەزرێنێت.
سەبارەت بە دۆسیەی گرووپە چەکدارەکان، عەلی زەیدی رایگەیاند، تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ "کۆنفرانسی سەروەریی نیشتمانی" دەبەسترێت و تێیدا تەنیا دەوڵەت خاوەنی هێز دەبێت، "بە کردەیی چەکمان لە سەرايا سەلام، عەسائیب ئەهل حەق و کەتائیبی ئیمام عەلی وەرگرتووە و تەنیا کەمێکی ماوە. موقاوەمە پێویستی بوو نەک پیشە، ئێستا پێویستی نەماوە و قبووڵ ناکەین دەوڵەت لەناو دەوڵەتدا هەبێت."
سەرۆکوەزیرانی عێراق رەخنەی لە کەمیی پشکی عێراق لە رێکخراوی ئۆپیک گرت و داوای زیادکردنی کرد. زەیدی ئاماژەی بەوە کرد، عێراق بە نوێنەرایەتیی جیهان شەڕی داعشی کردووە و "400 ملیار دۆلار" زیان بەر ژێرخانی کەوتووە. دەشڵێت، "پشکی 3.4 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا بۆ وڵاتێکی وەک عێراق دادپەروەرانە نییە."
سەبارەت بە دۆخی دارایی، رەتیکردەوە عێراق لە تەنگژەدابێت و گوتی، "مووچەی فەرمانبەران پارێزراوە و بەردەوام دەبێت. کار دەکەین بۆ گۆڕینی یاسا کۆنەکانی سەردەمی بەعس کە رێگرن لە گەشەی ئابووریی بازاڕ."




