رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرێک و جێگرەکەى لە دیوانیە دەستگیرکران و بەرپرسێکى دیکە لە زیقار هەڵاتووە کە تۆمەتبارە بە گەندەڵى، بازرگانێکى ئۆتۆمبێل لە ئەنبار بە هۆى دۆسیەى گەندەڵى بریکارى پێشووى وەزارەتى نەوت دەستگیرکرا. حکومەتى عێراق ئامارى نوێى دەستگیرکردنى 21 داواکراوى لە ئۆپەراسیۆنى هەڵمەتى بەرەبەیان بڵاوکردەوە.
سەرۆکی لیژنەی دابەشکردنی زەوی هەڵات
تیمەکانی دەستەی دەسپاکیی عێراق بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانی گەندەڵی گەیشتنە پارێزگای زیقار؛ گوتەبێژی پارێزگاکە دەڵێ، سەرۆکی لیژنەی دابەشکردنی زەوی هەڵاتووە و دەرکەوتووە حەوت هەزار پارچە زەوی دووبارە بەسەر خەڵکدا دابەش کردووەتەوە.
رۆژی دووشەممە، ئەحمەد سەلیم، گوتەبێژی پارێزگای زیقار بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تیمەکانی دەستەی دەسپاکیی عێراق لە بەغداوە گەیشتوونەتە شاری ناسرییە و لە شەوی رابردووەوە دەستیان بە بەدواداچوون بۆ کەیسەکانی گەندەڵی کردووە، ئەمەش لە چوارچێوەی ئەو هەڵمەتە دێت کە سەرۆکوەزیرانی عێراق دوێنێ رایگەیاند."
گوتەبێژی پارێزگای زیقار ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی بوونی دۆسیەى گەندەڵی، ئێستا سەرجەم کارەکانی دابەشکردنی زەوی لە پارێزگاکە راگیراون. راشیگەیاند: "سەرۆکی لیژنەی دابەشکردنی زەوی لە پارێزگاکە، کە فەرمانی دەستگیرکردنی لەلایەن دادوەری لێکۆڵینەوەوە بۆ دەرچووە، هەڵاتووە و کەس نازانێت لە کوێیە."
سەبارەت بە وردەکاریی گەندەڵییەکان، ئەحمەد سەلیم گوتی: "ئەو بەرپرسە دەستی هەبووە لە دەستکاریکردنی دۆسیە و پەڕاوەکانی دابەشکردنی زەوی؛ نزیکەی 1500 پارچە زەوی دابەشکردووە و لە بەرامبەر زەوییە باش و بەنرخەکاندا پارەی لە خەڵک و فەرمانبەران وەرگرتووە، تەنانەت ئەوانەشی کە خاڵەکانیان کەم بووە و شایستە نەبوون، بە پارە زەوییان پێدراوە."
گوتەبێژی پارێزگای زیقار گوتی، "زیاتر لە حەوت هەزار ژمارەی هاوبەش یان دووبارە وەک پارچە زەوی بەسەر هاوڵاتییان دابەشکراون، ئەمەش کێشەیەکی گەورەی دروستکردووە."
لێکۆڵینەوەکان لە گەندەڵى گەیشتنە وەزارەتی بەرگری
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوەیەکی بەرپرسەوە لە بەغدا دەست رووداو کەوتوون، یەکەیەکی سەر بە دەستەی دەستپاکیی عێراق چوونەتە وەزارەتی بەرگری بۆ لێکۆڵینەوە لەو پرسانەی پەیوەندیدارن بە ئەرکی وەزارەتەکەوە.
ئەو سەرچاوەیە بە رووداوی رایگەیاند، یەکێک لەو دۆسیانەی کە تیمەکەی دەستەی دەستپاکی لە وەزارەتی بەرگری وردبینی و لێکۆڵینەوەی تێدا دەکات، گرێبەستێکە بۆ کڕینی 800 بارهەڵگر بۆ ئەو وەزارەتە.
پێشتر رووداو نووسراوێکی بڵاوکردەوە کە دادگەی لێکۆڵینەوەی دووی کەرخ لە 18ی حوزەیران ئاراستەی وەزارەتی بەرگریی عێراقی کردووە، ئاگاداریان دەکاتەوە کە دەستیان کردووە بە لێکۆڵینەوە لەو گرێبەستەی کە وەزارەتەکە لەگەڵ کۆمپانیای گشتیی بازرگانیی ئۆتۆمبێلی سەر بە وەزارەتی بازرگانیی عێراق کردوویەتی.
لە نووسراوەکەدا هاتبوو، گرێبەستەکە بۆ ئەوەیە 800 بارهەڵگر بۆ وەزارەتی بەرگری بکڕدرێت، کە کۆی بەهایان 462 ملیار دینارە.
بازرگانێکی ئۆتۆمبێل لە چوارچێوەرى دۆسیەکەى جومەیلی دەستگیرکرا
هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە ئەنبار بازرگانێکی ئۆتۆمبێلیان دەستگیرکرد کە بەگوتەی بەرپرسێکی پارێزگاکە، گومان دەکرێ پەیوەندی بە دۆسیەی گەندەڵیی بریکاری پێشووی وەزیری نەوتەوە هەبێت.
ئەو کەسە لە سنووری ناحیەی بەروانە دەستگیرکرا کە سەر بە قەزای حەدیسەی رۆژئاوای پارێزگای ئەنبارە.
دووشەممە 29ی حوزەیرانی 2026، ئەحمەد رەجا غەزال، بەڕێوەبەری ناحیەی بەروانە و سەرۆکی لیژنەی ئەمنی ناحیەکە بە تۆڕى میدیایی رووداوی رایگەیاند، ئەو کەسە ناوی عەبدولمونعیم محەممەد وەردییە و بازرگانی ئۆتۆمبێلە و لە خێزانێکی ناسراوە، بەڵام فەرمانبەری دەوڵەت نییە.
دەستگیرکردنی ئەو کەسە هاوکاتە لەگەڵ ئەو هەڵمەتەی دوو هەفتەیە هێزە ئەمنییەکان دەستیان پێکردووە بۆ دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی تۆمەتبارن بە گەندەڵی، بە تایبەت دۆسیەی عەدنان جومەیلی، بریکاری پێشووی وەزیری نەوت.
دووشەممە 29ی حوزەیران، سەعد غازی، سەرۆکی لیژنەی ئەمنی ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو کەسەی دەستگیرکراوە گرێبەستی بەکرێدانی ئۆتۆمبێلی لەگەڵ حکومەت هەبووە و دۆسیەکەی پەیوەندیدارە بە دۆسیەی گەندەڵی عەدنان جومەیلی و ئێستا لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێ.
هێزێکی ئەمنی لە بەغداوە دەچێتە ناوچەیەکی زیقار
هێزێکی ئەمنی لە بەغداوە دەچێتە ناوچەیەکی پارێزگای زیقار کە ماڵی بەرپرسانی لێیە. گوتەبێژی ئەنجوومەنی پارێزگاکە دەڵێ، کۆبوونەوەیەکی ئەمنی لەو بارەیەوە دەکرێ.
دووشەممە 29ی حوزەیرانی 2026، ئەحمەد ئیبراهیمی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای زیقار و گوتەبێژی ئەنجوومەنەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەو هێزە بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە بەغداوە هاتوون و چوونەتە قەزای ئیسلاح و بە دیاریکراوی ئەو ناوچەیەی کە ماڵی ئەندامانی ئەنجوومەنى پارێزگا و پەرلەمانتارانی لێیە، بەڵام هیچ ماڵێکیان نەپشکنیوە."
لە 28ی حوزەیرانەوە هێزە ئەمنییەکانی عێراق هەڵمەتێکیان لە چەند پارێزگایەکی عێراق دەستپێکرد بۆ دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی تۆمەتبارن بە گەندەڵی و تاوەکو ئێستا دەستگیرکردنی 50 پەرلەمانتار و بەرپرس بە فەرمی پشتڕاستکراوەتەوە.
ئەحمەد ئیبراهیمی رایگەیاند، وەک حکومەتی خۆجێیی هیچ زانیارییەکیان پێنەدراوە لەبارەی هۆکاری هاتنی ئەو هێزە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیارە ئەمڕۆ کۆبوونەوەی لیژنەی ئەمنی پارێزگای زیقار بکرێ بۆ تاوتوێکردنی ئەو پرسە و زانینی هۆکارەکانی چوونى ئەو هێزە.
وردەکاریی دەستگیرکردنی هەشت داواکراوى عێراق لە هەرێمى کوردستان
هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان، سێ پەرلەمانتار و پێنج پاسەوان و فەرمانبەری عیراقیان بە فەرمانی دادوەر دەستگیرکرد و دواتر لە بازگەی پردێ رادەستی هێزە عێراقییەکانیان کران.
سەرچاوەیەک لە دەستەی دەسپاکیی عێراق، رۆژی دووشەممە (29ی حوزەیرانی 2026) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ دوو تیمی دەستەی دەسپاکیی عێراق لە پارێزگای هەولێر و تیمێکی دیکە لە پارێزگای کەرکووک بوون؛ دوای ئەوەی دوێنێ یەکشەممە دەستگیرکراوەکانیان لە بازگەی پردێ لەلایەن ئاسایش و دژە تیرۆری کوردستانەوە وەرگرتەوە، رادەستی هێزە ئەمنییەکانی عێراقیان کردن."
بەگوتەی سەرچاوەکەی دەسپاکیی عێراق، دەستگیرکراوەکان پێکهاتوون لە سێ پەرلەمانتار و پێنج پاسەوان و فەرمانبەر. لە کاتی دەستگیرکردنیاندا بڕی 10 ملیۆن دینار و 15 چەکی جۆری دەمانچە و ئێم فۆڕیان پێبووە.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش کرد، دەستگیرکردنی گەندەڵکاران بەردەوام دەبێت و بڕیارە لە پارێزگای کەرکووک ئەمڕۆ دووشەممە هەڵمەتێکی دیکە بکرێت.
دوێنێ یەکشەممە، هێزێکی بەرپەرچدانەوەی خێرا و دژە تیرۆری عێراق بە ئۆتۆمبێلی مۆدێل بەرزەوە چوونە کەرکووک و دواتر دەستگیرکراوەکانیان بە ئۆتۆمبێلی ئاسایی بەرەو بەغدا گواستەوە.
دەستگیرکراوەکان بریتین لە زیاد جەنابی: پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی سەروەری ، محەممەد مەیاحی: پەرلەمانتار و سەرۆکی هاوپەیمانیی واست ئەجمەل، ئەشواق جبووری: پەرلەمانتاری فراکسیۆنی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان لەگەل، عەلا ستار مەحموود،سەیف تاڵیب ، عەلی جاسم،عوسمان جەنابی،عەلی جەنابی.
سەرچاوەیەک لە ئیدارەی پارێزگای هەولێر بە رووداوی راگەیاند، ئەو کەسانەی لە هەولێر بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیرکراون، هەڵنەهاتوون بۆ هەولێر، بەڵکو لە ماڵیان لە هەولێرە و خێزان و منداڵیشیان لە هەولێر دەژین.
سەرچاوەکە گوتی، "دوو لەو پەرلەمانتارانەی دەستگیرکراون، دوویان لە گوندی ئیسپانی و یەکێکی دیکەیان لە گەنجان سیتی بووە، فەرمانبەرەکانی دیکەش لە شوێنە جیاجیاکانی هەولێر بوون."
دوو بەرپرسی دیوانیە دەستگیرکران
دوای هەفتەیەک لە لادانیان بەهۆی گومانی تێوەگلان لە گەندەڵی، بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای دیوانیە و یاریدەدەرەکەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکران.
یوسف غەڕاوی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی ئەنجوومەنی پارێزگای دیوانیە، رۆژی دووشەممە (29ی حوزەیرانی 2026) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پێش هەفتەیەک بڕیارێک لەلایەن سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە گەیشتە دەستمان بۆ لادانی موسلیم خزەیر، بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبا و یاریدەدەرەکەی، دواتریش سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی پارێزگا واژۆی کرد."
بە گوتەی یوسف غەراوی، رۆژی یەکشەممە (28ی حوزەیران)، لە چوارچێوەی هەڵمەتی دژە گەندەڵی لە پارێزگاکان، هێزێکی ئەمنی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەستەی دەسپاکیی عێراق، ئەو بەڕێوەبەرە لادراوە و یاریدەدەرەکەیان دەستگیرکردووە.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی ئەنجوومەنی پارێزگای دیوانیە ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوان وەک ئەنجوومەن تووشی سەرسوڕمان بوون لە دەستگیرکردنی ئەو بەڕێوەبەرە و گوتی: "پێشینەی گەندەڵی نەبووە، بەڵام دۆخی کارەبا لە دیوانیە زۆر خراپە و سکاڵایەکی زۆری لەسەر بووە."
بەڕێوەبەری راگەیاندنی ئەنجوومەنی پارێزگای دیوانیە راشیگەیاند، دەستگیرکردنی گەندەڵکاران بووەتە هۆی سڵەمینەوەی زۆر لەوانەی دەستیان لە دزینی سامانی گشتی هەیە و گوتی، "ئێستا ئاراستەیەک دروستبووە کە دەبێت دزی رابگیرێت، چونکە چیدیکە شوێن بۆ گەندەڵکاران لەم وڵاتەدا نەماوە."
21 داواکراو دەستگیرکراون و هەندێکی دیکەیان هەڵاتوون
دووشەممە 29ی حوزەیرانی 2026، حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند کە لە ئۆپراسیۆنی "هەڵمەتی بەرەبەیان" بۆ دەستگیرکردنی داواکراوان، 21 داواکراو دەستگیرکراون و هەندێک داواکراوی دیکەش هەڵاتوون و بەدوایاندا دەگەڕێن.
حەیدەر عەبوودی رایگەیاند: دانپێدانانی هەندێک لە تۆمەتباران وا دەکات تۆڕ و ناو و پارەی دیکە ئاشکرا ببن و ئۆپراسیۆنی "هەڵمەتی بەرەبەیان" ناوەستێت.
گوتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند: سەرۆکوەزیران فەرمانی داوە بە وەزارەتی دارایی بۆ ئەوەی هەژمارێکی بانکی بکرێتەوە بۆ ئەوەی ئەو پارانەی تێدا کۆبکرێتەوە کە لەو کەسانە وەردەگیرێتەوە کە بە ناڕەوا دەستیان کەوتووە.
30 کەس لەگەڵ پەرلەمانتارێک داواکراون
دۆسیەی یەکێک لە پەرلەمانتارە دەستگیرکراوەکان دەست رووداو کەوتووە و دەریدەخات کە لەگەڵ 30 کەسی دیکە داواکراو بووە کە بەشێکیان بەرپرسیارێتییان هەیە. سزای ئەو تاوانەی لەسەر دەستگیرکراوەکانە دەگاتە 10 ساڵ زیندانیکردن.
دۆسیەکە پەیوەندیدارە بە محەممەد مەیاحی، ئەندامی پەرلەمان و سەرۆکی هاوپەیمانیی واست ئەجمەل کە پێشتر پارێزگاری شارەکە بوو و لە 28ى حوزەیران دەستگیرکرا.
دەستەی دەستپاکیی عێراق لە 7ی حوزەیران نووسراوێکی ئاراستەی دادگای لێکۆڵینەوەی تایبەت بە دۆسیەکانی گەندەڵی کردووە و ناوی محەممەد مەیاحی و 30 کەسی دیکەی تێدایە کە وەک تۆمەتبار ناسێندراون لە دۆسیەی ئەو ئاگرەی لە بازاڕێکی کووت کەوتەوە.
ئەو ئاگرە لە 16ی تەممووزی 2025 لە شاری کوتی ناوەندی پارێزگای واست کەوتەوە و لە ئەنجامدا 61 کەس گیانیان لەدەستدا.
لێکۆڵەری دادگای لێکۆڵینەوەی تایبەت بە دۆسیەکانی گەندەڵی لە وەڵامی ئەو نووسراوەدا ئاماژەی بەوە داوە کە یەکێک لەو کەسانەی ناوی هاتووە محەممەد مەیاحی ئەندامی پەرلەمانە و بڕیاردراوە کە بە پشتبەستن بە نووسراوی دادگای تێهەڵچوونەوەی واست، داوا لە سەرۆکایەتیی پەرلەمان بکرێ پارێزبەندی لەسەر ئەو پەرلەمانتارە هەڵبگیرێ بۆ ئەوەی رێکاری یاسایی بەرامبەر بگیرێتەبەر.
محەممەد مەیاحی لەنێو ئەو 47 کەسەدا بوو کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی عێراقەوە لەسەر دۆسیەی گەندەڵی دەستگیرکرا.
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە پارێزگای واست بە تۆڕى میدیایی رووداوى رایگەیاند، لەنێو ئەو 30 کەسەی دیکە کە ناویان لە دۆسیەکەدا هاتووە، سەرۆکی شارەوانی، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانی و بەرپرسانی فەرمانگەی کارەبایان تێدایە.
محەممەد مەیاحی لە 23ی تەممووز دەستی لە پۆستی پارێزگاری واست کێشایەوە، ئەوەش بەهۆی ئەو رووداوی ئاگرکەوتنەوەیەی کە لە کوت روویدا.
بەگوێرەی نووسراوەکەی دەستەی دەستپاکی، مەیاحی و 30 کەسەکەی دیکە تۆمەتبارکراون بە بڕگەی سێ لە مادەی 343ی یاسای سزادانی عێراقی کە تایبەتە بە ئەنجامدانی هەڵەیەک کە زیانی گیانی لێ بکەوێتەوە و سزاکەی دەگاتە 10 ساڵ بەندکردن.
نووسینگەکەی: تەیف سامی هەڵنەهاتووە
نووسینگەی رۆژنامەڤانیی تەیف سامی، وەزیری پێشووی دارایی عێراق رایگەیاند، ئەو زانیارییانەی لەبارەی هەڵاتن یان دەستگیرکردنی بڵاوکراونەتەوە، ناڕاستن.
دووشەممە 29ی حوزەیرانی 2026، نووسینگەی رۆژنامەوانیی تەیف سامی لە روونکردنەوەیەکدا ئەو زانیارییانەی رەتکردەوە کە لە هەندێک راگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە لەبارەی هەڵاتنی تەیف سامی بۆ دەرەوەی عێراق یان دەستگیرکردنی لە چوارچێوەی ئەو هەڵمەتە دژە گەندەڵییەی کە عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران دەستیپێکردووە.
لە روونکردنەوەکەدا هاتووە، ئەو زانیارییانە راست نین و پشتیان بە هیچ سەرچاوەیەکی فەرمی نەبەستووە.
نووسینگەی رۆژنامەڤانیی تەیف سامی سەرکۆنەی دروستکردن و بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست و ئەو دەنگۆیانەی کردووە کە ئەگەر هەیە رای گشتی بشێوێنن.
لە روونکردنەوەکەدا داوا لە دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق کراوە رۆڵی خۆی ببینێت لە بەدواداچوون بۆ هەواڵی چەواشەکارانە و رێوشوێنی پێویستی یاسایی بگرێتەبەر بۆ پاراستنی متمانەی میدیایی و مافی هاووڵاتییان لەوەی زانیاریی ورد و باوەڕپێکراویان پێبگات.
سەدر: هەڵمەتەکەی سەرۆکوەزیران پاڵەوانانەیە
موقتەدا سەدر هەڵمەتی دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی گەندەڵی بە "پاڵەوانانە" وەسف دەکات و هیوای بەردەوامیی بۆ دەخوازێت، داواش لە گوتارخوێنانی هەینی دەکات بۆ پاڵپشتیکردنی ئەو هەڵمەتە گردبوونەوەیەکی ئاشتییانە بکەن.
موقتەدا سەدر، سەرۆکی رەوتی نیشتمانیی شیعە لە نووسینێکدا لە تۆڕی ئێکس رایگەیاند، ئەوەی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران لە هەڵمەتی دەستگیرکردن لە دژی گەندەڵکاران دەیکات "هەڵمەتێکی چاکسازیی پاڵەوانانەیە و هیوادارین بەردەوام بێت."
موقتەدا سەدر گوتی، "ئەو هەڵمەتە ئومێدی بۆ دڵمان و دڵی گەلی عێراق گەڕاندەوە، لەدوای ئەوەی گەندەڵکاران دەستیان بەسەر سەروەت و سامانیدا گرتبوو."
سەرۆکی رەوتی نیشتمانیی شیعە ستایشی رۆڵی دادگە و هێزە ئەمنییەکانی کرد بەتایبەت هێزی بنەبڕکردنی تیرۆر و رایگەیاند، بۆ پاڵپشتیکردنی ئەو هەڵمەتە پێویستە گوتارخوێنانی مزگەوتەکان رۆژی هەینی سەرپەرشتیی گردبوونەوەیەکی مەدەنییانە بکەن و ئاڵای چاکسازیی ئیمام حوسێن هەڵبگرن.




