رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق رایگەیاند، هەڵمەتی بەرەبەیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، داواکارییەکی جەماوەرییە کە ماوەیەکی درێژە خەڵک چاوەڕێی دەکەن و گوتی: "هیچ ناوێکی قورس و دەستڕۆیشتوو لە بەردەم بڕیاری دادگە و رێکارە یاساییەکان دا نییە."
عەلی دیفاعی، لە کاتی بەشداریکردنی لە بوولتەنی کاژێر 10:00ـی هەواڵەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، رۆژی چوارشەممە، 1-7-2026، رایگەیاند: "هێرشکردنە سەر حەشارگەی گەندەڵکاران لە چوارچێوەی دادگە و یاسا، هەنگاوێکی گەورە و ئازایانەیە. بەڵام ئاڵنگاریی گەورە لە بەردەم ئەم هەڵمەتە دا هەن کە نابێت بە کەم سەیریان بکەین، بۆیە ئەم هەڵمەتە چەند زیاتر پشت بە بڕیاری دادگە و رێکارە یاساییە شەفافەکان ببەستێت، زیاتر دەگاتە ئامانجەکانی."
سەبارەت بە گرنگیی هەڵمەتەکە، عەلی دیفاعی گوتی: "عێراق پێویستی بە هەڵمەتێکی راستەقینەی دژە گەندەڵییە، چونکە گەندەڵی هۆکاری سەرەکیی پاشەکشەی خزمەتگوزارییەکان، لاوازیی دامەزراوەکانی دەوڵەت و بەهەدەردانی سامانی گشتی بووە بەو شێوە ترسناکەی کە دەیبینین."
گوتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، خاڵی بەهێزی هەڵمەتی بەرەبەیان کە عەلی زەیدی سەرپەرشتی دەکات ئەوەیە کە "پشت بە رێکارە یاساییەکان و بڕیارەکانی دادگە دەبەستێت." گوتیشی: "بۆ ئەوەی ئەم هەڵمەتە سەرکەوتوو بێت، دەبێت هەموو تۆمەتبارانی گەندەڵی بگرێتەوە بەبێ جیاوازیی سیاسی و حیزبی."
دیفاعی باسی لەوەش کرد، ئەرکەکە زۆر قورسە و ئاڵنگارییەکان زۆرن، چونکە ئەمە گەورەترین دۆسیەی چاکسازییە لە دامەزراوەکانی دەوڵەت دا، بەڵام پشتگیریی جەماوەری و بڕیاری دادگە رێگەکە بۆ حکومەت خۆش دەکەن.
بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە، 28ـی حوزەیرانی 2026، هێزێکی هاوبەشی دژەتیرۆر، سوپا و دەستەی دەستپاکیی عێراق، ئۆپەراسیۆنێکی فراوانیان لە ناوچەی سەوز و چەند پارێزگایەکی دیکە دەست پێکرد.
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، ئەمە تەنیا قۆناخی یەکەمە و حکومەت لە هەوڵەکانی بۆ گەڕاندنەوەی سامانی گشتی و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی گەل بەردەوام دەبێت.
دیفاعی دووپاتی لەوە کردەوە کە دەبێت ئەم هەڵمەتە دوو ئامانجی سەرەکی بپێکێت: "تەمبێکردن و دادپەروەری." روونیشی کردەوە: "تەنیا گەڕاندنەوەی پارەکان بەس نییە، دەبێت سزاکان جۆرێک بن کە کەس نەوێرێت جارێکی دیکە دەست بۆ سامانی گشتی ببات. نابێت وا بێت کە کەسێک سامانی گشتی بدزێت و دواتر تەنیا بە گەڕاندنەوەی پارەکە رزگاری بێت."
سەبارەت بەو کەسانەی دەستگیر دەکرێن، گوتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق گوتی: "پێشتر قسەکردن لەسەر کەسایەتییە گەورەکان و ناوە دەستڕۆیشتووەکان، وەزیرانی پێشوو و ئەندامانی پەرلەمان کارێکی ئەستەم بوو، بەڵام ئەمڕۆ هەموویان لەژێر چاودێری و راوەدوونانی یاسا دان؛ هیچ ناوێک لە بەردەم بڕیاری دادگە دا قورس نییە."
ئەو ناوە گەورانەی کە بە "نەهەنگەکانی گەندەڵی" ناو دەبرێن، بە گوتەی دیفاعی، چیتر پارێزبەندییان نییە ئەگەر دادگە و یاسا بە هێزەوە کار بکەن. چوارچێوەی هاوئاهەنگی پشتیوانی لەم هەوڵانە دەکات، بە مەرجێک هەموو قۆناخەکانی لەسەر بنەمای بەڵگەی یاسایی و دادوەری بن.
دیفاعی ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو پارانەی دەستیان بەسەر دا گیراوە "ژمارەی زۆر گەورەن"، بۆیە سەرۆکوەزیران داوای لە وەزیری دارایی کردووە سندووقێکی تایبەت بۆ کۆکردنەوەی ئەو پارانە دروست بکات تاوەکو لەژێر سەرپەرشتیی دەوڵەت دا بن. سەبارەت بە ناوی دەستگیرکراوەکانیش گوتی: "ناکرێت ئێستا ناوەکان ئاشکرا بکرێن، چونکە هەڵمەتەکە گەورەیە و بەردەوامە، بەڵام گرنگ ئەوەیە هیچ کەسێک بەهۆی ناونیشانی سیاسی، نەتەوەیی یان مەزهەبییەوە جیاکاریی بۆ ناکرێت."
لە کۆتایی قسەکانی دا، عەلی دیفاعی رەخنەی لە نەبوونی گوتارێکی میدیایی فەرمی گرت بۆ ئەم هەڵمەتە و گوتی: "بەداخەوە فەوزایەکی گەورە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دا هەیە؛ زۆرینەی ئەو وێنانەی بڵاو دەکرێنەوە (لەبارەی پارە و زێڕی دەستبەسەردا گیراو) وێنەی ساختەن و بە زیرەکیی دەستکرد (AI) دروست کراون. دەبوو میدیای فەرمیی دەوڵەت هەبێت بۆ ئەوەی زانیارییەکان راست بکاتەوە."
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)