رووداو دیجیتاڵ
نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هۆشبەرەکان و تاوان (UNODC) بە رووداوی راگەیاند، ئەرکی ئەوان لێکۆڵینەوە، دادگاییکردن یان هەڵسەنگاندنی رێکارە تاکەکەسییەکانی جێبەجێکردنی یاسا نییە لە عێراق دا، بەڵکو پشتیوانی لە جێبەجێکردنی پابەندبوونەکانی وڵاتان دەکەن لەژێر چوارچێوەی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان دژی گەندەڵی.
رۆژی چوارشەممە، 01-07-2026، تیمی پەیوەندییەکانی UNODC لە لێدوانێک دا بۆ ئوسامە محەممەد، ئیدیتۆری دێسکی نێودەوڵەتیی رووداو، وەڵامی چەند پرسیارێکی دایەوە لەبارەی ئەوەی کە ئایا دەستگیرکردنەکانی ئەم دواییەی عێراق بە هەنگاوێکی پێکهاتەیی بەرەو جێبەجێکردنی پەیماننامەکانی دژە گەندەڵی دادەنرێن، ئایا نیگەرانی هەیە لەبارەی جێبەجێکردنی یاسا بە شێوازی سەربازی و پڕۆسەی دادگاییکردنی دادپەروەرانە و کاریگەریی ئەم پێشهاتانە لەسەر نیشاندەرەکانی شەفافییەت و فەرمانڕەوایی نێودەوڵەتیی عێراق چی دەبێت؟
تیمی پەیوەندییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڤیەنناوە لە وەڵامدا گوتیان: "ئەرکی گشتیی UNODC لێکۆڵینەوە، دادگاییکردن، یان هەڵسەنگاندنی رێکارە تاکەکەسییەکانی جێبەجێکردنی یاسا نییە. ئاژانسەکە پاڵپشتیی وڵاتانی ئەندام دەکات لە جێبەجێکردنی پابەندبوونیان لەژێر چوارچێوەی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان دژی گەندەڵی (UNCAC)، لەوانەش لە رێگەی میکانیزمی پێداچوونەوەی جێبەجێکردنەکەیەوە، کە ئێستا عێراق تێی دا بەشدارە."
نەتەوە یەکگرتووەکان روونی کردەوە، ئاژانسەکەیان "بەردەوام دەبێت لە داواکردنی شەفافییەت، لێپرسینەوە و دەستپاکیی هاوتەریب لەگەڵ بڕگەکانی پەیماننامەکە دا، هەروەها پاڵپشتیکردنی وڵاتانی سەرانسەری جیهان لەسەر داواکاریی خۆیان بۆ جێبەجێکردنی بڕگەکانی پەیماننامەکە."
بەیانیی رۆژی یەکشەممە، 28ـی حوزەیرانی 2026، هێزێکی هاوبەشی دژە تیرۆر، سوپا و دەستەی دەستپاکیی عێراق، ئۆپەراسیۆنێکی فراوانیان لە ناوچەی سەوز و چەند پارێزگایەکی دیکە دەست پێکرد و ژمارەیەک بەرپرس و ئەندام پەرلەمانیان دەستگیر کرد.
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، ئەمە تەنیا قۆناخی یەکەمە و حکومەت لە هەوڵەکانی بۆ گەڕاندنەوەی سامانی گشتی و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی گەل بەردەوام دەبێت.
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
