رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ سەرۆک فراکسیۆنەکان کۆ بووەوە بۆ تاوتوێکردنی کارنامەی وەرزی نوێی یاسادانان؛ سەرۆکی فراکسیۆنێکیش دەڵێت، "رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی" لە کارە لەپێشینەکان دەبێت.
سعود ساعدی، سەرۆکی فراکسیۆنی حقوق لە پەرلەمانی عێراق، رۆژی چوارشەممە، 1ـی تەممووزی 2026، بە رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ بە فەرمی پەرلەمان دەستی بە دەوام کردەوە و پشووی هاوینەی کۆتایی هات."
سعود ساعدی گوتیشی: "سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەران کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکان کردووە، بۆ دیاریکردنی ئەو یاسایانەی کە لە قۆناخی داهاتوو دا دەخرێنە بەرنامەی کارەوە."
بە گوتەی سعود ساعدی، کۆبوونەوەکە جەختی لە هاوئاهەنگیی نێوان سەرۆکایەتیی پەرلەمان و فراکسیۆنەکان کردووەتەوە بۆ دەستنیشانکردنی ئەو پڕۆژەیاسایانەی لە کارە لەپێشینەکاندان و پێویستە لە وەرزی نوێی یاسادانان دا بڕیاریان لێ بدرێت. گوتیشی: "بە دڵنیاییەوە یەکێک لە بابەتە هەرە گرنگەکان رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و دۆسیەکانی گەندەڵییە."
سەرۆکی فراکسیۆنی حقوق ئاماژەی بەوەش کرد: "رۆژی دووشەممە، 6ـی تەممووز، وەرزی نوێی یاسادانانی پەرلەمانی عێراق دەست پێ دەکات." ئێستاش پەرلەمان خۆی بۆ دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکان و گفتوگۆکردن لەسەر ژمارەیەک پڕۆژەیاسا و دۆسیەی دواخراو ئامادە کردووە.
دانەر عەبدولغەفار، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە رووداوی گوت: "بە ئەگەرێکی زۆرەوە هەفتەی داهاتوو دیاری کراوە بۆ دەستپێکردنەوەی کارەکانی پەرلەمان، ئەمڕۆش لەگەڵ سەرۆک فراکسیۆنەکان کۆبوونەوە کرا و تاوتوێی بابەتە گرنگەکان کراوە."



