رووداو دیجیتاڵ
دادگەی تێهەڵچوونەوەی فیدراڵیی عێراق بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ عەجاج ئەحمەد حەردان تکریتی پەسند کرد، ئەوەش دوای ئەوەی بە ئەنجامدانی تاوانی کۆمەڵکوژی، دژە مرۆیی و دەستدرێژیی سێکسی بەرامبەر رزگاربووانی ئەنفال تۆمەتبار کرا.
ئەیاد کاکەیی، پارێزەری ئەنفالکراوان لە دۆسیەی (عەجاج)، رۆژی پێنجشەممە، 2ـی تەممووزی 2026، بە رووداوی راگەیاند: "دادگەی تێهەڵچوونەوەی فیدراڵی بڕیارەکەی دژی عەجاج ئەحمەد حەردان تکریتی پەسندکرد." ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو تاوانبارە بەرپرسە لە ئەنجامدانی "کۆمەڵکوژی دژی هاووڵاتییانی سڤیلی کورد" کە لە پڕۆسەکانی ئەنفال رزگاریان ببوو.
پارێزەر ئەیاد کاکەیی روونیکردەوە، ئەو تاوانبارە لە زیندانی "نوگرەسەلمان" تاوانی "هەژێنەر"ی بەرامبەر گیراوەکان ئەنجامداوە، کە بریتی بوون لە "برسی کردن، تینوو کردن و ئەشکەنجەدان تا مردن"، جگە لە ئەنجامدانی تاوانی دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر ژمارەیەک لە ژنانی دەستبەسەرکراو، کە ئەمانە هەمووی بوونە بنەمای بڕیاری سزادانەکەی.
بەگوتەی پارێزەری ئەنفالکراوان لە دۆسیەی (عەجاج)، ئێستا دۆسیەکە رەوانەی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق دەکرێت بە مەبەستی دەرکردنی مەرسوومی کۆماری و پەسندکردنی کۆتایی بۆ جێبەجێکردنی سزاکە.
رۆژی 14ی ئایاری 2026، دادگەی باڵای تاوانەکانی عێراق بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ "عەجاج ئەحمەد حەردان زوعیتەر عوبەیدی" دەرکرد.
بەپێی بەڵگەنامەیەکی دادگە کە وێنەیەکی دەست رووداو کەوتووە، عەجاج مەحکوم کراوە بە کوشتنی 1068 دەستبەسەرکراو لە رێگەی برسیکردن، تینوکردن و ئەشکەنجەدان تاوەکو رادەی مردن، بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی خێزانەکان و منداڵەکانیان و دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر ژنانی دەستبەسەرکراو لە نوگرەسەلمان.
ئەیاد کاکەیی گوتیشی:"دوای پەسندکردنی لە لایەن دادگەی تێهەڵچوونەوەی فیدراڵییەوە، بڕیارەکە پلەی کۆتایی وەرگرت و ئامادەیە بۆ جێبەجێکردن."
دەشڵێت:"وەزارەتی داد کاتی جێبەجێکردنی سزاکە دیاری دەکات، کە نابێت لە 30 رۆژ تێپەڕێت."
عەجاج تکریتی، کە لە 31ی تەممووزی 2025 دەستگیرکرا، یەکێکە لە "دڕندەترین" ناوەکانی مێژووی ئەنفال. لە 7ـی ئایاری ئەمساڵ، 26 شایەتحاڵ و رزگاربووی ئەنفال لەبەردەم دادگەدا گەواهییان لەسەر تاوانەکانی دا و وردەکاریی ئەو نەهامەتیانەیان گێڕایەوە کە لە قەڵای نوگرە سەلمان بەسەریاندا هاتووە.


