رووداو دیجیتاڵ
دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند، لە چەند ئۆپەراسیۆنێکی جیاوازدا لە 4 پارێزگادا، چەندین تۆڕی ساختەکارییان لەنێوبردووە و دەستیان بەسەر چەندین کارگە و کۆگەی نایاسایی دا گرتووە.
بەپێی راگەیێندراوێکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، هێزەکانیان نۆ کەسیان بە تۆمەتی ساختەکاریی بازرگانی و پێشێلکردنی مەرجە تەندروستییەکان دەستگیر بکەن.
لە پارێزگای نەجەف، لە ناوچەی پیشەسازیی بەحرولنەجەف دەستگیراوە بەسەر کارگەیەکی نایاساییدا کە تێیدا برنجی پاکستانی لەنێو کیسەی دیکەدا پڕکراوەتەوە کە نیشانەی بازرگانیی جیاوازیان لەسەر بووە. لەو کارگەیەدا دەست بەسەر 675 تۆن برنجدا گیراوە.
لە پارێزگای دیوانیە، سێ تۆمەتبار لەناو کۆگایەکی نهێنی دا دەستگیرکراون کە کەلوپەلی "سەبەتەی خۆراک"ی حکومەتیان لە کیسە و قووتووی دیکەدا پڕکردووەتەوە و بە ناوی مارکەی بازرگانیی دیکەوە فرۆشتوویانە؛ لەوێش دەست بەسەر حەوت تۆن خۆراکدا گیراوە.
هەر لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکاندا، لە پارێزگای بابل کارگەیەکی بێ مۆڵەتی بەرهەمهێنانی سپیایی داخرا و دەست بەسەر 5 تۆن کەرەستەی خاو و بەرهەمی ئامادەکراودا گیرا. لە بەسرەش کارگەیەکی دیکەی نایاسایی خۆراک تێکدرا و 3 کەس دەستگیر کران.
لە پارێزگای بەسرە دەستیان بەسەر کارگەیەک داگرتووە کە خۆراکی خراپیان بەرهەمهێناوە و لەسەر ئەو کارە سێ کەس دەستگیرکراون.
دەزگای ئاسایشی نیشتمانی لە کۆتایی راگەیێندراوەکەیدا رایگەیاند، "ئۆپەراسیۆنەکانمان بۆ بنبڕکردنی ساختەکاریی بازرگانی و یارییکردن بە کەلوپەلی خۆراکی بەردەوام دەبن و بۆ پاراستنی تەندروستیی هاووڵاتییان، هەموو رێکارێکی یاسایی بەرامبەر سەرپێچیکاران دەگیرێتەبەر."


