رووداو دیجیتاڵ
لە چوارچێوەی "هەڵمەتی بەرەبەیان"دا کە بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممەی رابردوو لە بەغدا بەڕێوەچوو، هێزە ئەمنییەکان چوونە سەر ماڵی دوو پەرلەمانتاری عێراق، بەڵام هەردووکیان هەڵاتوون و تاوەکو ئێستا شوێنبزرن و خۆیان شاردووەتەوە.
ئەو دوو پەرلەمانتارە سەر بە دوو فراکسیۆنی جیاوازن؛ یەکەمیان حوسێن موئنیس فەرەج عەبدرەزا، سەرۆکی بزووتنەوەی "حقووق" (باڵی سیاسیی کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق). دووەمیشیان عەلا سوکەر سەرحان جارەڵڵا دلفی، لە فراکسیۆنی "ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان" بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی.
سەرچاوەیەک لە بزووتنەوەی "حقووق" هەواڵەکەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو پشتڕاستکردەوە، بەڵام رایگەیاند، هەڵکوتانە سەر ماڵی حوسێن موئنیس پەیوەندیی بە دۆسیەی گەندەڵییەوە نییە، بەڵکو "پەیوەستە بە گرووپە چەکدارەکان و دەستی ئەمریکای لەپشتە."
رووداو پەیوەندی بە هەردوو پەرلەمانتارەکەوە کرد، بەڵام ژمارەکانیان بەردەست نەبوون.
بەرەبەیانیی رۆژی یەکشەممە، هێزێکی هاوبەشی دژەتیرۆر، سوپا و دەستەی دەستپاکیی عێراق ئۆپەراسیۆنێکی فراوانیان لە ناوچەی سەوز و چەند پارێزگایەکی دیکە بەناوی "هەڵمەتی بەرەبەیان" ئەنجام دا.
رۆژی دواتر حەیدەر عەبودی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی دا رایگەیاند، "یاداشتەکانی دەستگیرکردن کە جێبەجێ کراون 21 کەسی گرتووەتەوە کە تێوە گلاون، هەندێک کەسایەتی هەڵاتوون و دەزگا پسپۆڕەکان بەدوایاندا دەگەڕێن."
لای خۆیەوە، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەربارەی ئۆپەراسیۆنەکە رایگەیاند، "ئەمە تەنیا قۆناخی یەکەمە و حکومەت لە هەوڵەکانی بۆ گەڕاندنەوەی سامانی گشتی و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی گەل بەردەوام دەبێت."
حوسێن موئنیس لە ساڵی 1971 لە ناوچەی سەدری شاری بەغدا لەدایک بووە. ساڵی 1993 کۆلێژی ئەندازیاریی زانکۆی موستەنسەریەی تەواو کردووە و بڕوانامەی بەکالۆریۆسیشی لە یاسادا هەیە. موئنیس، کە چەند جارێک لەلایەن رژێمی بەعسەوە دەستگیر کراوە، یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق. لە ساڵی 2008 لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە دەستگیر کرا و لە 2012 ئازاد کرا. لە ساڵی 2021 بزووتنەوەی "حقووق"ی دامەزراند و لە ساڵی 2024 خرایە لیستی سزاکانی ئەمریکاوە؛ دوو خولە پەرلەمانتاری عێراقە.
عەلا سوکەر سەرحان جارەڵڵا دلفی، لە ساڵی 1977 لەدایک بووە و نوێنەری پارێزگای بەغدایە لە هاوپەیمانیی "ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان". لە خولی رابردوودا پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی "دەوڵەتی یاسا" بووە و وەک ئەندامی لیژنەی خزمەتگوزارییەکان و ئاوەدانکردنەوە لە پەرلەمانی عێراق کاری کردووە.


