رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ گەیشتوونەتە قۆناخی بنبەستی گفتوگۆکان لەسەر پرسی داهاتی ناوخۆ. بەغدا مەرجی بڕینی 120 ملیار دیناری وەک داهاتی نانەوتی داناوە، لە کاتێک دا داهاتی نێوخۆیی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە و ئەمەش مەترسی بۆ بەشێکی مووچە و خزمەتگوزارییە گشتییەکان دروست دەکات.
بەپێی بەدواداچوونەکانی رووداو، کێشەی سەرەکیی ئێستا لە نێوان هەردوو وەزارەتی دارایی، لەسەر چۆنیەتیی هەژمارکردنی داهاتی نانەوتییە (گومرگ و باج). لە کاتێک دا بەغدا پشت بە بڕیارێکی ساڵی 2025 دەبەستێت، حکومەتی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت ئەو رێککەوتنە کاتی بوو، پێویستە یاسای بودجە جێبەجێ بکرێت.
بەغدا و رێکاری "مەقاسە"؛ بژارەی یەکەم و کۆتایی
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، وەزارەتی دارایی عێراق بە فەرمی شاندی هەرێمی کوردستانی ئاگادار کردووەتەوە کە دەبێت مانگانە بڕی 120 ملیار دینار وەک داهاتی نانەوتی رادەست بکەن. ئەگەرنا، بەغدا پەنا بۆ رێکاری "مەقاسە" دەبات، واتە ئەو بڕە پارەیە لە کۆی ئەو بودجەیەی بۆ مووچە تەرخانکراوە، دەبڕێت.
ئەم گوشارەی بەغدا لە کاتێکدایە کە فالح ساری، وەزیری نوێی دارایی عێراق، لە 28-06-2026ـەوە دەستی بە خەرجکردنی مووچەی مانگی 6ـی فەرمانبەرانی عێراق کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا فەرمانی خەرجکردنی مووچەی هەرێمی کوردستانی واژۆ نەکردووە.
کەمیی داهاتی حوزەیران و کورتهێنانی گەورە لە مووچە
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند: "پێشبینی دەکەین داهاتی مانگی حوزەیرانی هەرێمی کوردستان نزیکەی 140 ملیار دینار بێت."
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا وردبینی لە داهاتەکان بەردەوامە و دوای رۆژی 10-07-2026، تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی حوزەیران تەواو دەبێت.
بەپێی ئەم داتایە، ئەگەر بەغدا 120 ملیار دینار وەک داهات ببڕێت، تەنیا 20 ملیار دینار لە داهاتی نێوخۆ بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەمێنێتەوە، ئەمەش کورتهێنانی گەورە لە دابینکردنی خەرجییەکان دا دروست دەکات.
یاسای بودجە بەرامبەر بڕیاری 550
خاڵی ناکۆک لێرەدایە؛ بەغدا کار بە بڕیاری ژمارە 550ـی ئەنجوومەنی وەزیران دەکات (دەرچووی 17-07-2025) کە بڕی 120 ملیار دیناری وەک "بڕێکی چەسپاو" دیاری کردووە. لە بەرامبەردا، هەولێر دەڵێ، بەپێی یاسای کارگێڕیی دارایی، دەبێت "50٪ـی داهاتی نێوخۆ" رادەست بکرێت؛ واتا مانگانە بەپێی تەرازووی پێداچوونەوە داهات چەند بوو نیوەی بدرێتە بەغدا.
ئەو کاتەی کە هەردوولا لەسەر بڕی 120 ملیار دینارەکە رێک کەوتبوون، داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان مانگانە زیاتر لە 300 ملیار دینار بوو، بەڵام ئێستا ئەو داهاتە بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە.
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت: "دوو رێگە هەن؛ یان دەبێت هەردوولا بە رێککەوتنە کۆنەکە پابەند بن، یاخود دەبێ رێککەوتنێکی نوێ بکەن، چونکە ئێستا داهاتیان بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە و عێراقیش بەهۆی کێشەی دارایی خۆیەوە، ئامادە نییە لەو بڕە خۆشبێت."
"لێبڕین دەبێتە هۆی کورتهێنان لە مووچەی فەرمانبەران و خەرجییە بەکاربەرەکان"
ئەگەر بەغدا سوور بێت لەسەر بڕینی 120 ملیار دینارەکە، حکومەتی هەرێمی کوردستان تووشی کورتهێنان دەبێت. هەرێمی کوردستان مانگانە 42 ملیار دینار تەنیا بۆ مووچەی فەرمانبەرانی "گرێبەست" لە داهاتی نێوخۆ خەرج دەکات. بڕینی ئەو بڕە پارەیە لەلایەن بەغداوە، واتە دواکەوتنی مووچەی بەشێکی زۆری فەرمانبەران تاوەکو ئەو کاتەی کورتهێنانەکە پڕ دەکرێتەوە.
سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی بۆ رووداو هۆشداری دا کە لێبڕینی ئەو 120 ملیار دینارە لەلایەن بەغداوە، کێشە بۆ دوو بابەتی سەرەکی دروست دەکات:
مووچەی فەرمانبەران: ئەو فەرمانبەر و مامۆستایانەی کە مووچەکانیان لەسەر داهاتی نێوخۆیە.
خەرجیی بەکارخستن: ئەم بڕینە راستەوخۆ کاریگەری دەکاتە سەر خەرجییە خزمەتگوزارییەکان، لەوانە کڕینی دەرمان بۆ نەخۆشخانەکان و دابینکردنی پێداویستییەکانی پاککردنەوەی شار و شارۆچکەکان.
کێشە تەکنیکییەکان؛ ئەسیکۆدا و تەرازووی پێداچوونەوە
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دوێنێ رایگەیاند، کە دیاریکردنی بڕی پارە بەبێ گەڕانەوە بۆ "تەرازووی پێداچوونەوە" نایاساییە. تەرازووی پێداچوونەوە راپۆرتێکی دارایی وردە کە کۆی داهات و خەرجییەکان تاوەکو کۆتایی مانگ نیشان دەدات.
بەگوێرەی وەزارەتی دارایی، جگە لە پرسی پارەکە، سێ کێشەی دیکە لە ئارادان و تاوتوێ دەکرێن؛
کێشەکانی تایبەت بە گومرگ و هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا.
کێشەکانی تایبەت بە باج و کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان.
کێشەکانی تایبەت بە لێخۆشبوونی گومرگی و پاراستنی بەرهەم و پرسی کواڵێتیی کۆنترۆڵ.
بەپێی داتاکانی وەزارەتی دارایی، حکومەتی هەرێمی کوردستان لەنێوان ساڵانی 2019 تاوەکو 2025، کۆی داهاتی (نەوتی و نانەوتی) گەیشتووەتە 51 تریلیۆن و 376 ملیار دینار، واتە ساڵانە بە تێکڕا 7.3 تریلیۆن دینار داهاتی هەبووە.



