لە سنووری پارێزگای نەینەوا 10 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بێ بەرامبەر بۆ کەمدەرامەت و هەژاران دروست دەکرێن. سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا رایانگەیاند، پڕۆژەکە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانیش لە پارێزگاکە دەگرێتەوە. محەممەد جاسم کاکەیی کە هاوکات سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگرییە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، رۆژی یەکشەممە، 5ی تەممووزی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "یەکەکان لەلایەن ناوەندی نێودەوڵەتیی پیاوانی ئاوەدانکردنەوە و وەبەرهێنان، کە رێکخراوێکی ئەمریکییە، بە شێوەی دیاری و بەخشین دروست دەکرێن." سەبارەت بە وردەکاریی پڕۆژەکە، محەممەد جاسم کاکەیی ئاماژەی بەوە کرد، یەکەکان خانووی ئاسایین و لە تەواوی پارێزگای نەینەوا بەپێی رێژەی دانیشتووان لە قەزا و ناحیەکان دروست دەکرێن و گوتی، "پڕۆژەکە ناوچە کوردستانییەکانیش دەگرێتەوە و بێبەرامبەر بەسەر خەڵکی هەژار، کەمدەرامەت و ئەوانەی هیچ موڵک و خانوویەکیان نییە، دابەش دەکرێن." بە گوتەی کاکەیی لە کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممەی رابردووی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەنگ لەسەر پڕۆژەکە دراوە و داوا لە پارێزگاری نەینەوا کراوە رێکاری پێویست بگرێتەبەر و شوێنی گونجاو بۆ زەویی پڕۆژەکە دابین بکات. محەممەد جاسم کاکەیی، پڕۆژەکەی بە هەنگاوێکی گرنگ ناوبرد بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی نیشتەجێبوون، بەتایبەت بۆ ئەو خێزانانەی، کە تاوەکو ئێستا خاوەنی هیچ یەکەیەکی نیشتەجێبوون نین. ئەحمەد کیکی، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، ئەمڕۆ یەکشەممە 5ی تەممووزی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پرۆژەکە بۆ هەموو پارێزگای نەینەوایە بێ بەرامبەر دەدرێتە خەڵکی کەمدەرامەت و هەژاران، بەگوێرەی ژمارەی دانیشتوان و پێویستییەکان بەسەر تەواوی نەینەوا دابەش دەکرێت، بەناوچە کوردستانیەکانیشەوە. سەرۆکی فراکسیۆنی پارتیی دیموکراتی کوردستان گوتی، پرۆژەکە وەبەرهێنان نییە، بەڵکو بەخشینە لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە لە چوارچێوەی ئاوەدانکردنەوەی عێراق دەکرێت و مێژووەکەشی بۆ 2014 دەگەڕێتەوە. رۆژی 15ی ئایاری 2026، ناوەندی نێودەوڵەتیی پیاوانی ئاوەدانکردنەوە و وەبەرهێنان-ی کە ئەمریکییە، نووسراوی فەرمی بۆ پارێزگاری نەینەوا کردووە کە وێنەیەکی نووسراوەکە دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتوە، تێیدا داوا تەرخانکردنی زەوی دەکات بۆ پرۆژەکە "بەگوێرەی بۆچوونی پارێزگاکە، دابەشبوونی چڕی دانیشتوانی و ئەو ناوچانەی زیاتر پێویستیان بە یەکەی نیشتەجێبوونە". بەگوێرەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتوان و نیشتەجێبوونی 2024- 2025ی عێراق، 18.62٪ی دانیشتوانی نەینەوا کرێچین، 70.26٪ موڵکی خۆیانە، یان لەگەڵ باوک و داکیان دەژین. جۆری نیشتەجێبوون: 89.17 ٪ خانوو؛ 5.93٪ شوقە؛ 2.57٪ خانووی قوڕ و 2.34٪ی جۆری دیکە.
عێراق05-07-2026ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق: فەرمانی دەستگیرکردن بۆ بەرپرسی وەزارەتی نەوت دەرنەکراوە