رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی گواستنەوەی عێراق ئاماری گەشتە ئاسمانییەکانی مانگی رابردووی بڵاوکردەوە. بەپێی ئامارەکان زیاتر لە شەش هەزار و 600 گەشت لە فڕۆکەخانەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان کراون و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێریش لەسەر ئاستی وڵات لە پلەی دووەمدایە.
رۆژی پێنجشەممە 9ـی تەممووزی 2026، کۆمپانیای گشتیی خزمەتگوزاریی گەشتە ئاسمانییەکانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاماری گەشتەکانی مانگی حوزەیرانی بڵاوکردەوە. بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لەو مانگەدا سێ هەزار و 311 گەشتی مەدەنیی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی گەیشتوونەتە فڕۆکەخانەکان و سێ هەزار و 347 گەشتیش لە فڕۆکەخانەکانەوە بەرەو دەرەوە کراون.
هەر بەپێی ئامارەکان، لەو مانگەدا هەزار و 346 فڕۆکە وەک (تڕانزێت) بە ئاسمانی عێراقدا تێپەڕیون.
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا لە پلەی یەکەمی فڕۆکەخانەکان دێت و زۆرترین گەشتی تێدا تۆمارکراوە، کە هەزار و 570 گەشتی هاتوو و هەزار و 576 گەشتی رۆیشتوو بووە.
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، وەک چالاکترین فڕۆکەخانەی هەرێمی کوردستان و دووەم لەسەر ئاستی عێراق، لەو مانگەدا 696 فڕۆکەی لێ نیشتووەتەوە و 692 گەشتیشی لێوە بەرەو دەرەوە کراوە
ئاماری گەشتەکان لە فڕۆکەخانەکانی دیکە:
- فڕۆکەخانەی نەجەف: 507 گەشتی هاتوو و 513 گەشتی رۆیشتوو.
- فڕۆکەخانەی بەسرە: 258 گەشتی هاتوو و 288 گەشتی رۆیشتوو.
- فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی: 146 گەشتی هاتوو و 146 گەشتی رۆیشتوو.
- فڕۆکەخانەی کەرکووک: 134 گەشتی هاتوو و 132 گەشتی رۆیشتوو.
بەگوێرەی وەزارەتی گواستنەوە، گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەکانی بەغدا، هەولێر، سلێمانی، بەسرە و کەرکووک زیاتر بۆ وڵاتانی تورکیا، میسر، لوبنان، ئیمارات، ئوردن،
سعودیە و چین بوون.



