رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاند، پلانیان هەیە، تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ کەمپی جەدعە لە نەینەوا دابخەن، کە کەسوکاری چەکدارانی داعشی لێیە.
عەلی جەهانگیر، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەگوێرەی پلانی وەزارەتەکەی، 31ی کانوونی یەکەمی ئەم ساڵ دیاریکراوە وەک دوا وادە بۆ ئەوەی کەمپی جەدعە دابخرێت، کە ئێستا نزیکەی 3500 کەسی تێدایە و زۆرینەیان ژن و منداڵن.
کەمپی جەدعە لە سنووری پارێزگای نەینەوا، ئەو کەسوکارانەی چەکدارانی داعشی لێیە، کە لە کەمپی هۆل لە رۆژئاوای کوردستانەوە گوێزراونەتەوە و لەوێ پرۆسەی شیاندنەوەیان بۆ دەکرێت پێش ئەوەی بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.
عەلی جەهانگیر رایگەیاند، دواکەوتنی گەڕانەوەی ئەو کەسانە لە کەمپی جەدعە بۆ زێدی خۆیان پەیوەندیدارە بە رێکارە یاساییەکانی دەرکردنی بەڵگەنامە و ناسنامەی نیشتمانی و شیاویی ناوەکانیان بۆ گەڕانەوە.
ئەو کەمپە لە ساڵی 2021ـەوە بۆ پێشوازیی لە کەسوکاری چەکدارانی داعش کراوەتەوە؛ لە سێ ساڵدا عێراقییەکان بە 33 کاروان گەڕێندراونەتەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاند، لە ماوەی ئەو سێ ساڵەدا 21 هەزار و 500 کەس گەڕێنراونەتەوە بۆ کەمپى جەدعە و زیاتر لە 18 هەزاریان لە دوای شیاندنەوە چوونەتەوە زێدی خۆیان.




