عێراق لیژنەیەکی باڵا بۆ لێکۆڵینەوە لە وردەکاریی بەقاچاخبردنی ئەو چەک و تەقەمەنییانە پێکدەهێنێت کە لە سنووری عێراقەوە بۆ ناو خاکی سووریا دەگوازرانەوە. بەگوتەی حکومەتی دیمەشق، هەوڵدراوە بگەیێندرێتە لوبنان. پێنجشەممە 16ی تەممووزی 2026، شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق لە روونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوە داوە، بە فەرمانی عەلی فالح زەیدی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لیژنەیەکی باڵا لە لایەنە پەیوەندیدار و تایبەتمەندەکان پێکهێنراوە بۆ زانینی وردەکاریی ئەو پرسە. شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق رایگەیاند، هاوئاهەنگی لەگەڵ سووریا دەکەن بۆ زانینی وردەکارییە پەیوەندیدارەکان بە بەقاچاخبردنی ئەو چەکانە و سزادانی ئەوانەی کەمتەرخەم بوون لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی سنووری هاوبەشی نێوانیان و رێگری لە هەر هەوڵێک بۆ زیان گەیاندن بە ئاسایشی نیشتمانی. ئەو روونکردنەوەیەی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق لەدوای ئەوە بوو کە ئاژانسی هەواڵی فەرمیی سووریا (سانا)، لە زاری سەرچاوەیەک لە وەزارەتی ناوخۆی وڵاتەکەیەوە بڵاویکردەوە، هێزەکانیان دەستیان بەسەر بارێکی چەکدا گرتووە کە لە سنووری عێراقەوە رەوانە کرابوو. سەرچاوەکەی وەزارەتی ناوخۆى سوووریا رایگەیاندووە: "بارەکە چەکی جۆراوجۆر و پێشکەوتوو و چەندین مووشەکی تێدابووە و لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان سەلماندوویانە کە ئەو بارە چەکە دەستبەسەرداگیراوە، ئامادەکرابوو تاوەکو لە ڕێگەی خاکی سووریاوە بگەیێندرێتە دەست حیزبوڵڵای لوبنانی". عێراق و هەرێمی کوردستان، نزیکەی 618 کیلۆمەتر سنووری هاوبەشیان لەگەڵ سووریا و رۆژئاوای کوردستان هەیە.
عێراق16-07-2026وەزارەتی کارەبای عێراق: بەهۆی راگیرانی غازی هەرێمی کوردستانەوە 1400 مێگاوات کارەبا کەمدەبێتەوە