رووداو دیجیتاڵ دەستەی دەستپاکی عێراق، زەید محەممەد مەخزوومی، بەڕێوەبەری لقی دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی لە پارێزگای نەجەف دەستگیرکرد. سەرچاوەیەکی ئەمنی لە پارێزگای نەجەف، رۆژی پێنجشەممە، 16ـی تەممووزی 2026، بە رووداوی گوت: "مەفرەزەکانی دەستەی دەستپاکی عێراق فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ زەید محەممەد مەخزوومی دەرکرد و بە مەبەستی تەواوکردنی رێکارە یاساییەکان، رەوانەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراوە بۆ لێکۆڵینەوە." سەبارەت بە تۆمەتەکانی ئەو بەرپرسە، سەرچاوەکە گوتی: "تاوەکو ئێستا بەفەرمی جۆری ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی کراون یان وردەکاریی ئەو دۆسیەیەی لەسەری دەستگیرکراوە، ئاشکرا نەکراوە." زەید محەممەد مەخزوومی زیاتر لە 10 ساڵە لە پۆستی بەڕێوەبەری لقی دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی نەجەف کار دەکات. سەرچاوەیەکی دیکە لە پارێزگای نەجەف بە رووداوی گوت: "ئەو تۆمەتەی لەسەری دەستگیرکراوە، بوونی سەرپێچیی یاسایی و ساختەکارییە لە دابەشکردنی 787 پارچە زەوی بایی 15 ملیار دینار، دۆسیەکە پەیوەندی بە زەویی فەرمانبەرانەوە هەیە." ئەم دەستگیرکردنە لەکاتێکدایە، لە چەند رۆژی رابردوودا باس لە بوونی چەندین دۆسیە لەناو کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان دەکرا. پێشتر کۆمپانیاکە لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردبوو، دەستیان کردووە بە گرتنەبەری رێکاری یاسایی دژی چەند لاپەڕەیەکی ئەلیکترۆنی کە تۆمەتباری کردن بەوەی هەڵمەتی ناوزڕاندن و "سەرانەوەرگرتن"ـیان دژی بەرپرسانی کۆمپانیاکە دەستپێکردووە. هاوکات دەستگیرکردنی ئەو بەرپرسەی نەجەف هاوکاتە لەگەڵ فراوانکردنی رێکارەکانی دەستەی دەستپاکی عێراق دژی ژمارەیەک بەرپرس لە کەرتی دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان، ئەوەش لە چوارچێوەی هەڵمەتێک بۆ لێکۆڵینەوە لەو دۆسیانەی گومانی گەندەڵی و بەفیڕۆدانی سامانی گشتییان لێ دەکرێت.
عێراق16-07-2026وەزارەتی کارەبای عێراق: بەهۆی راگیرانی گازی هەرێمی کوردستانەوە 1400 مێگاوات کارەبا کەمدەبێتەوە