دوو شێر لە بەغدا بەرەڵا دەبن و تیمێکی تایبەت بەدوایاندا دەگەڕێت. بەگوتەی سەرۆکی رێکخراوێکی تایبەت بە پاراستنی ژینگە، ئەمشەو بە درۆنی گەرمبین هەوڵی دۆزینەوەیان دەدرێت. ئەو دوو شێرە لە بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە 16ی تەممووز، لە ماڵێک لە ناوچەی تاجی لە باکووری بەغدا بەرەڵا بوون و چوونەتە نێو باخەکانی ئەو ناوچەیە. حەکەم شەممەری، بەڕێوەبەری خاچی سەوزی عێراقی کە تایبەتە بە پاراستنی ژینگە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە ئاگادار کراینەوە بەوەی ئەو دوو شێرە لە قەفەزەکانیان بەرەڵا بوون و بەشێک لە هاووڵاتییانی ناوچەی تاجی بینیویانن و تیمەکانیان دەستیان کردووە بە گەڕان بەدوایاندا. بەگوتەی حەکەم شەممەری، ئەو دوو شێرە نێر و مێن و تەمەنیان لەنێوان ساڵ بۆ ساڵێک و شە مانگە، لە ماڵێکدا بوون کە بەخێویان کردوون و لە ئەفریقاوە هێنراون. ئەو دوو شێرە لە کاژێر 5:00ی بەرەبەیانەوە بەرەڵا بوون، بەڵام هیچ زانیارییەک بە لایەنە پەیوەندیدارەکان نەدراوە بەوەی کە پەلاماری هاووڵاتییانیان دابێت. بەڕێوەبەری خاچی سەوزی عێراقی گوتی: "باخەکانی ئەو ناوچەیە چڕن و دۆزینەوەی شێرەکانی ئەستەم کردووە، بڕیارمان داوە ئەمشەو بە درۆنی گەرمبین بەدوایاندا بگەڕێین و ئەگەر بیاندۆزینەوە گوللـەى بێ هۆشکردن بەکاردەهێنن بۆ گرتنیان."
عێراق16-07-2026وەزارەتی کارەبای عێراق: بەهۆی راگیرانی گازی هەرێمی کوردستانەوە 1400 مێگاوات کارەبا کەمدەبێتەوە