رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزخانە و نێردەی دیپلۆماسیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە عێراق، هۆشدارییەکی ئەمنیی نوێی ئاراستەی هاووڵاتییانی وڵاتەکەی کرد، کە تێیدا جەخت لە مەترسییەکانی بەردەوامبوونی هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر هەولێر دەکاتەوە و داوا دەکات بەهیچ شێوەیەک گەشت بۆ عێراق نەکەن.
لە راگەیێندراوەکەی باڵیۆزخانەی ئەمریکادا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16ـی تەممووزی 2026 بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بە "جموجوڵی درۆنەکان لە ئاسمانی هەولێر" کراوە.
لە هۆشدارییەکەدا هاتووە: "لەدوای ئەو هێرشانەی کە لەرێگەی درۆنی پاڵپشتیکراو لەلایەن ئێرانەوە لە 15ـی تەممووز بۆ سەر هەولێر کران، ئامۆژگاریی هاووڵاتییانی ئەمریکی دەکەین کە لە عێراقن، لەوپەڕی هۆشیاری و وریاییدا بن، چاودێریی میدیا ناوخۆییەکان بکەن و پابەندی رێنماییەکانی دەسەڵاتدارانی ناوخۆیی بن."
هەروەها ئەمریکا هۆشداری لە تێکچوونی گەشتە ئاسمانییەکان دەدات و دەڵێت: "ئەگەری هەیە لە هەر ساتێکدا و بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە، پشێوی لە گەشتەکاندا دروست ببێت و ئاسمانی وڵات دابخرێت."
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، جارێکی دیکە بڕیاری هۆشداریی "ئاستی چوارەم"ی وەبیرهێناوەتەوە، کە تێیدا داوا لە هاووڵاتییانی ئەمریکی دەکرێت بەهیچ شێوەیەک و بۆ هیچ مەبەستێک گەشت بۆ عێراق نەکەن، ئەویش بەهۆی مەترسییەکانی "تیرۆر، رفاندن، ململانێی چەکداری، پشێوی کۆمەڵایەتی و سنوورداربوونی توانای حکومەتی ئەمریکا بۆ پێشکێشکردنی خزمەتگوزاریی فریاگوزاری بۆ هاووڵاتییانی ئەمریکی لەنێو عێراقدا."
سەبارەت بە گەشتە ئاسمانییەکانیش، داوا لەو ئەمریکییانە کراوە کە دەیانەوێت عێراق جێبهێڵن، پێش چوون بۆ فڕۆکەخانەکانی هەولێر، سلێمانی، بەغدا و بەسرە، لەگەڵ هێڵە ئاسمانییەکانیان پشتڕاستی بکەنەوە کە گەشتەکانیان هەڵنەوەشێندراوەتەوە.
راگەیێندراوەکەدا هاتووە، سەرەڕای ئەوەی فەرمانی دەرچوونی ناچاری بۆ بەشێک لە کارمەندانی نێردەی دیپلۆماسیی ئەمریکا لە عێراق دەرکراوە، بەڵام باڵیۆزخانەی بەغدا و کونسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر لە کارەکانیان بەردەوامن و هاووڵاتییانی ئەمریکی دەتوانن لەرێگەی ئیمەیڵەوە پەیوەندییان پێوە بکەن.


