رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق، پرسی هێرشکردنە سەر ماسیگرە عێراقییەکانی لە پارێزگای بەسرە تاوتوێ کرد و رایگەیاند، خوێنی هاووڵاتییانی عێراقی بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانییە و هیچ سازشێکی لەسەر ناکرێت. ئەندامێکی لیژنەکەش دەڵێت، راسپاردە بۆ لەکارلادانی فەرماندەی هێزی دەریایی عێراق دەرکراوە.
فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە (16ـی تەممووزی 2024)، لەسەر داوای سەرۆکایەتیی پەرلەمان، لیژنەی ئاسایش و بەرگری بە سەرۆکایەتیی خالید عوبەیدی، کۆبوونەوەیەکی لە تەلاری پەرلەمان سازکرد. کۆبوونەوەکە تایبەت بووە بە لێکۆڵینەوە لە رووداوی کوشتن و دەستگیرکردنی ژمارەیەک ماسیگری عێراقی لە پارێزگای بەسرە، کە تێیدا ماسیگرێک بە ناوی (نەجم عەبدوڵڵا خالید تەمیمی) خەڵکی قەزای فاو کوژرا و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون و دەستگیرکران.
مازن غەریب، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "راسپاردەیەک لەلایەن لیژنەکەمانەوە ئاراستەی وەزارەتی بەرگری کراوە، بۆ لەکارلادانی مازن کبیان، فەرماندەی هێزی دەریایی عێراق."
لە کۆبوونەوەکەدا، کەسوکاری ماسیگرە کوژراوەکە و شێخ و سەرۆک هۆزەکانی بەسرە ئامادە بوون، هەروەها ژمارەیەک لە فەرماندە باڵاکانی هێزە ئەمنییەکان بانگهێشت کرابوون، لەوانە: فەرماندەی هێزی دەریایی، فەرماندەی سنووری ناوچەی چوار، فەرماندەی لیوای سنووری کەناراوەکان و بەڕێوەبەری هەواڵگریی دەریایی.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی پەرلەمان، لە کۆبوونەوەکەدا دەستنیشانی "خاڵە لاوازەکان و کەمتەرخەمییەکان" کراوە. لیژنەی ئاسایش و بەرگری داوای تەواوکردنی لێکۆڵینەوەکان و گرتنەبەری "رێکاری یاسایی توند" دەکات بەرامبەر هەر کەسێک کە کەمتەرخەمی کردووە و رەوانەکردنیان بۆ دادگا. لیژنەکە ئاماژەی بەوە کردووە، "پەرلەمانی عێراق وەک ماڵی گەل، پابەندە بە پاراستنی سەروەریی عێراق و کەرامەتی هاووڵاتییانی."
لە کۆبوونەوەکەدا، لیژنەی ئاسایش و بەرگری چەند بڕیارێکی دەرکردووە؛ لەوانە:
داوا لە وەزارەتی بەرگری کرا، (نەجم عەبدوڵڵا) کە ماسیگرە کوژراوەکەیە، بە شەهید بناسرێت.
حکومەت تێچووی چارەسەری بریندارەکان بگرێتە ئەستۆ و قەرەبووی ماددی و مەعنەوییان بکاتەوە.
هاوئاهەنگیی نێوان هێزی دەریایی و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەسرە و پاسەوانی سنوور زیاد بکرێت بۆ پاراستنی گیانی ماسیگرەکان.
رێگری بکرێت لە دووبارەبوونەوەی هەر جۆرە "دەستدرێژییەک" بۆ سەر سنوورە ئاوییەکانی عێراق.
بڕیارە ئەم راسپاردانە ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بکرێن تاوەکو لە دانیشتنەکانی داهاتوودا بخوێندرێنەوە و بڕیاری کۆتایییان لێ بدرێت.
رووداوەکە رۆژی 3ـی ئەم مانگە روویدا و بیانووی کوێت بۆ تەقەکردن لێیان و دەستگیرکردنی ئەو ماسیگرانە ئەوە بوو کە لە سنوورە ئاوییەکانی ئەو وڵاتە نزیک بوونەتەوە و سەرەڕای ئاگادارکردنەوەیان، شوێنەکەیان جێ نەهێشتووە.


