رووداو دیجیتاڵ عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ سەرۆک و ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی کۆمپانیای شیڤرۆنی ئەمریکی کۆبووەوە و تاوتوێی وەبەرهێنانیان کرد لە بواری بەرهەمە نەوتییەکان و زیادکردنی بەرهەمهێنان و فرەچەشنکردنی رێگەکانی هەناردەی نەوت. رۆژی پێنجشەممە، 16ـی تەممووزی 2026، عەلی فالح زەیدی لە ئەمریکا سەردانی کۆمپانیای شیڤرۆنی کرد و لەگەڵ مارک نیلسۆن، سەرۆکی کۆمپانیاکە و ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنەکەی کۆبووەوە. بەگوێرەی نووسینگەی رۆژنامەڤانیی سەرۆکوەزیران، لەو کۆبوونەوەیەدا عەلی فالح زەیدی داوای لە کۆمپانیای شیڤرۆن کردووە کە کارەکانی لە عێراق زیاتر و خێراتر بکات بۆ گەیشتن بە ئامانجێکی ستراتیژی کە حکومەتەکەی دایناوە بۆ بەرزکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت و زیادکردنی توانای پاڵاوتنی بەرهەمە نەوتییەکان و فرەچەشنکردنی رێگەکانی هەناردەی نەوت. وەزیرانی نەوت و کارەبا و سەرۆکی دەستەی راوێژکاران و باڵیۆزی عێراق لە ئەمریکا لەو کۆبوونەوەیەدا بەشدار بوون. عەلی فالح زەیدی ئامادەیی حکومەتەکەی نیشاندا بۆ رەخساندنی زەویی پێویست و ئاسانکاری بۆ دروستکردنی کۆمەڵگەی تایبەت بە پاڵاوتنی نەوت و ژێرخانی پیشەسازییە کیمیاییەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی گاز و گواستنەوەی تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو بۆ عێراق لەو بوارانەدا. بەهۆی دۆخی ئاڵۆزی ئەمنی و سەربازیی ناوچەکە و دروستبوونی کێشە بۆ هاتووچۆی کەشتی لە تەنگەی هورمز، بەرهەمهێنانی نەوت لە عێراق کەمبووەتەوە بۆ 2.5 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە، لەکاتێکدا بەر لە جەنگ رۆژانە زیاتر لە چوار ملیۆن بەرمیل بوو. بەگوێرەی نووسینگەی رۆژنامەڤانیی سەرۆکوەزیران، سەرۆکی کۆمپانیای شیڤرۆن ئامادەیی دەربڕیوە بۆ وەبەرهێنان لە کێڵگەکانی نەوتی باشووری عێراق و پڕۆژەکانی راکێشانی بۆریی نەوت بۆ بەندەرە هەرێمییەکان و دروستکردنی تانکیی کۆگاکردن. رۆژی 13ـی تەممووز، عەلی فالح زەیدی بە سەرۆکایەتیی شاندێک گەیشتە ئەمریکا و 14ـی تەممووز لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەو وڵاتە کۆبووەوە. عەلی جاف، بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، بەشدارە لەگەڵ ئەو شاندەی سەرۆکوەزیرانی عێراق کە سەردانی ئەمریکای کردووە.
عێراق12-08-2026کۆمپانیایەکی نەوت لە هەرێمی کوردستان پێشبینی دەکات پێنجشەممە رێککەوتنی هەناردەی نەوت نوێ بکرێتەوە
عێراق12-08-2026لە پێنج مانگدا پارەی سپاردەکراو لە بانکە حکومی و بازرگانییەکانی عێراق زیاتر لە نۆ تریلیۆن دینار کەمبووە