رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ کۆمپانیای کەی بی ئاڕ (KBR)ـی ئەمریکی کۆبووەوە و تاوتوێی هاوبەشی و وەبەرهێنانی درێژخایەنیان لە بواری ژێرخانی نەوت و تەکنەلۆژیادا کرد.
کۆبوونەوەکە پێنجشەممە 16ی تەممووزی 2026، لە شاری هیوستن لە ئەمریکا ئەنجامدرا، تیایدا عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران و وەزیرانی نەوت و کارەبای عێراق بەشدار بوون.
لە راگەیێنراوێکدا نووسینگەی رۆژنامەڤانیی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوە داوە کە عەلی فالح زەیدی کاری لەپێشینەی حکومەتەکەی و تێڕوانینی بۆ چاکسازیی ئابووری روون کردووەتەوە، کە ئامانج لێی بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت و بەرزکردنەوەی تواناکانە لە بواری هەناردەی نەوت لە رێگەی جیاواز و فراوانکردنی توانای پاڵاوتنی بەرهەمە نەوتییەکان، بۆ ئەوەی پێداویستیی ناوخۆیی لەو بەرهەمانە پڕ بکرێتەوە.
سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند کە ژینگەی وەبەرهێنان لە عێراق گەیشتووەتە ئاستێک کە بتوانێت پێشوازی لە بەشداری و چارەسەری تەکنۆلۆژی و هاوبەشیی کۆمپانیا ئەمریکییەکان بکات لە کەرتە جیاوازەکاندا.
بەگوێرەی راگەیێنراوەکە، عەلی فالح زەیدی ژمارەیەک لە دەرفەتەکانی وەبەرهێنانی لە بواری وزەدا بۆ کۆمپانیاکە خستووەتەڕوو.
رۆژی 13ی تەممووز، عەلی فالح زەیدی بە سەرۆکایەتیی شاندێک گەیشتە ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا و رۆژى دواتر لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەو وڵاتە کۆبووەوە.
عەلی جاف، بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، بەشدارە لەگەڵ ئەو شاندەی سەرۆکوەزیرانی عێراق کە سەردانی ئەمریکای کردووە.




