رووداو دیجیتاڵ
عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، حکومەتەکەی گرنگی بەوە دەدات، پێویستیی عێراق بۆ ئەو گازە پڕ بکاتەوە، کە هاوردەی دەکات بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا.
ئەو گوتانەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کاتی سەردانیکردنی کۆمپانیای ئیکسۆن مۆبیلی ئەمریکی بوون لە شاری هیوستنی ئەمریکا، لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ ئەو وڵاتە.
عەلی فالح زەیدی بە پێویستی زانی گازی هاوەڵی کێڵگەکانی نەوت کۆبکرێتەوە و رێگری لە سووتانی بکرێت کە ژینگە پیس دەکات.
17ی تەممووزی 2026، نووسینگەی رۆژنامەڤانیی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، عەلی فالح زەیدی لەگەڵ دارین ودز، سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای ئیکسۆن مۆبیل کۆبووەتەوە و داوای لەو کۆمپانیایە کردووە رۆڵ بگێڕێت لە پلانەکانی حکومەتی عێراق بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنان و هەناردەی نەوت و پاڵاوتنی بەرهەمە نەوتییەکان و هاوبەشی و وەبەرهێنانی درێژمەودای لە عێراق بەهێز بکرێت.
ئەوە سێیەم کۆمپانیای تایبەت بە کەرتی نەوت بوو، کە عەلی فالح زەیدی و شاندە یاوەرەکەی لە چوارەم رۆژی سەردانەکەی بۆ ئەمریکا لەگەڵیان کۆبوونەتەوە، لە دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ کۆمپانیای شیڤرۆن و کەی بی ئاڕ.
رۆژی 13ی تەممووز، عەلی فالح زەیدی بە سەرۆکایەتیی شاندێک گەیشتە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و رۆژی دواتر لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەو وڵاتە کۆبووەوە.
عەلی جاف، بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، بەشدارە لەگەڵ ئەو شاندەی سەرۆکوەزیرانی عێراق کە سەردانی ئەمریکای کردووە.




