رووداو دیجیتاڵ
11یەمین دانیشتنی دادگە لەبارەی دوو سکاڵا لە دژی محەمەد ئەمین، نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان دەکرێت، کە سەربازێک و ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی سوپا لە کەرکووک لە دژیان تۆمار کردووە.
دانیشتنەکانی دادگە بەجیا لە رۆژانی یەکشەممە و دووشەممە 19 و 20ی تەممووز لە دادگەی کەتنی کەرکووک دەکرێت، لەدوای ئەوەی دۆسیەکەیان لە دادگەی دووبزەوە گواسترایەوە.
محەممەد ئەمین، نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەوە یەکەمجارە لە دادگەی کەتنی کەرکووک دانیشتن لەبارەی سکاڵاکانەوە بکرێت و 11یەمین دانیشتنی دادگەشە لەسەر ئەو سکاڵایانە".
یەکێک لە سکاڵاکان لەلایەن کەڕار شاکر، سەربازی سوپای عێراق و ئەوی دیکەیان لەلایەن فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان دژی ئەو جووتیارە کوردە تۆمار کراوە، کە تایبەتن بە رووداوەکانی 17ی شوباتی 2025 کاتێک محەمەد ئەمین خەریکی کێڵانی زەوییەکەی بوو، سوپا رێگرییان لێکرد و ئەویش رووبەڕوویان بووەوە.
محەممەد ئەمین گوتى: "ئەگەر زۆرە لەو دوو دانیشتنەی دادگەدا سکاڵاکان یەکلایی بکرێنەوە".
ئەو تۆمەتەی ئاراستەی جووتیارە کوردەکەی کەرکووک کراوە ئەوەیە، گوایە قسەی نەشیاوی بە سوپا و سەربازەکە گوتووە.




