رووداو دیجیتاڵ
لە پێنج مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا عێراق 46.6 تریلیۆن دیناری خەرج کردووە و زیاتر لە 12 تریلیۆن دینار کورتهێنانی هەبووە، بەراورد بە هەمان ماوەی پار داهات 28% کەمی کردووە.
ئەو زانیارییانە بەشێکن لە راپۆرتی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بۆ خەرجی و داهاتی پێنج مانگی یەکەمی ئەم ساڵ، کە ئەو وەزارەتە بڵاوی کردووەتەوە.
خەرجی 46 تریلیۆن دیناری تێپەڕاند
بەگوێرەی راپۆرتەکەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ، لە پێنج مانگدا تێکڕای خەرجییەکانیان 46.6 تریلیۆن دینار بووە، بە هەردوو خەرجیی وەبەرهێنان و بەکارخستنەوە. خەرجیی بەکارخستن 45 تریلیۆن دینار بووە، کە 96.5%ـی تێکڕای خەرجییەکانە، خەرجیی وەبەرهێنان 1.6 تریلیۆن دینار بووە، کە تەنیا 3.5%ـی خەرجییەکان بووە.
لەو خەرجییانە، 36.8 تریلیۆن دیناری بۆ مووچەی فەرمانبەران و هاوکاریی چاودێریی کۆمەڵایەتی بووە، کە 78.9%ـی تێکڕای خەرجییەکانی پێکهێناوە.
خەرجییەکانی هەرێمی کوردستان بە پێنج تریلیۆن و 158 ملیار و 19 ملیۆن و 504 هەزار دینار هەژمار کراوە، کە زۆربەی بۆ مووچە بووە.
خەرجی 282 ملیار دینار کەمی کردووە
بەراورد بە پێنج مانگی یەکەمی پار، لە هەمان ماوەی ئەم ساڵدا خەرجییەکان 282.1 ملیار دینار کەمی کردووە.
خەرجیی وەبەرهێنان لە پێنج مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا 1.4 تریلیۆن دینار لە هەمان خەرجیی پار کەمترە.
خەرجییەکانی هەرێمی کوردستان، کە لەو راپۆرتەدا هەژمار کراوە بۆ پێنج مانگی یەکەمی پار بەراورد بە هەمان ماوەی ئەم ساڵ 8.7 ملیار دینار کەمی کردووە.
12 تریلیۆن دینار کورتهێنان هەبووە
لە پێنج مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا تێکڕای داهاتی عێراق 33.7 تریلیۆن دینار بووە، بەراورد بە خەرجییەکان، 12.9 تریلیۆن دینار کورتهێنانی هەبووە.
84%ـی داهاتەکانی ئەو پێنج مانگە نەوتی بوون کە 27.2 تریلیۆن دینار بووە و داهاتی نانەوتی 16%ـی داهاتەکانی پێکهێناوە کە 6.4 تریلیۆن دینار بووە.
لەو پێنج مانگەدا داهاتی رادەستکراوی هەرێمی کوردستان بە 383.3 ملیار دینار دیاریکراوە، کە لە بەرامبەر ناردنی مووچەدا رادەستی وەزارەتی فیدراڵ کراوە.
بەراورد بە پێنج مانگی یەکەمی پار، داهات لە هەمان ماوەی ئەمساڵدا 12.4 تریلیۆن دینار کەمی کردووە، رێژەی کەمکردنەوەکەی 28.1% بووە.




