رووداو دیجیتاڵ
پێنج کەس وەکو نوێنەری گرێبەستەکانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دەچنە بەغدا و لەگەڵ جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و فراکسیۆنە کوردستانییەکان تاوتوێی بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست دەکەن.
هیوا سەمەد، یەکێک لە نوێنەرانی گرێبەستەکانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پێنج کەس بەرەو بەغدا بەڕێکەوتووین و ئامانجی سەرەکیمان بەدەستهێنانی مافە رەواکانمانە کە ئەویش بە هەمیشەییکردنی گرێبەستەکانە".
لە هەرێمی کوردستان 86 هەزار و 791 گرێبەست هەن و مووچەیان لەسەر داهاتی نێوخۆی هەرێمی کوردستان، شاندەکە دەیەوێ بکرێنە هەمیشەیی و مووچەیان لەگەڵ دامەزراواندا لە بەغداوە بۆ بێت.
هیوا سەمەد گوتی: "لە بەغدا لەگەڵ فراکسیۆنەکان بەجیا دادەنیشین و داواکاری مامۆستایانی گرێبەستی خوێندنی باڵا و پەروەردە و فەرمانبەران بۆ بابەتی هەمیشەییبوون دەخەینە بەردەستیان".
ئەو نوێنەرەی گرێبەستەکان گوتیشی: "لەگەڵ جێگری سەرۆکی پەرلەمان کاتی کۆبوونەوەمان دیاریکردووە، هەروەها بە جیا لەگەڵ فراکسیۆنەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان کۆدەبینەوە، هەوڵدەدەین لایەنە عەرەبییەکانیش ببینین بۆ روونکردنەوە و پێشکەشکردنی کۆمەڵێک داتا کە پەیوەستە بە گرێبەستەکانەوە".
هیوا سەمەد ئاماژەی بەوەکرد، لە بەغدا کاری جیدیی دەکەن بۆ ئەوەی لە یاسای بودجەی 2027ـی عێراق پارەیان بۆ تەرخانبکرێت و بکرێنە هەمیشەیی.
بودجەی پێویست بۆ گرێبەستەکان لە هەرێمی کوردستان، مانگانە زیاتر لە 42 ملیار دینارە و لە داهاتی نێوخۆ دەدرێت.

.webp&w=3840&q=75)

