رووداو دیجیتاڵ
شانەی راگەیاندنی عێراق رایگەیاند، ژمارەی زیارەتکارانی بیانی کە بۆ چلەی ئیمام حوسێن هاتوونەتە عێراق، گەیشتووەتە 3.4 ملیۆن کەس و لە 172 وڵاتەوە هاتوون.
رۆژی هەینی 31ی تەممووزی 2026، سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: "تاوەکو شەوی پێنجشەممە، ژمارەی زیارەتکارانی چلەی ئیمام حوسێن بۆ عێراق گەیشتوونەتە سێ ملیۆن و 435 هەزار و 492 زیارەتکار، کە لە دەروازە جیاوازەکانەوە گەیشتوون."
زیارەتکارانی چلەی ئیمام حوسێن لە سێ دەروازەی سەر سنووری دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵ و سەرجەم فڕۆکەخانەکان و دوو دەروازەی وشکانیی هەرێمی کوردستانەوە، بەمەبەستی بەشداریکردن لەو بۆنە ئایینییەی شیعەکاندا، سەردانی عێراق دەکەن.
سەعد مەعن رایگەیاند: ئەو زیارەتکارە بیانییانە لە 172 وڵاتەوە سەردانی عێراقیان کردووە.
رۆژی سێشەممە 4ی ئاب، چلەی ئیمام حوسێنە لە شاری کەربەلا، کە مەزاری سێیەمین ئیمامی شیعەکانی لێیە.




