رووداو دیجیتاڵ
راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئاو رایگەیاند، ئێستا بەردانەوەی ئاوی رووباری دیجلە و فورات دوو ئەوەندەی ساڵی پارە و سندووقێکی عێراقی-تورکی دروست دەکرێت بۆ پارەدارکردنی پڕۆژەکانی تایبەت بە ئاو، کە سەرەتا داهاتی 30 هەزار بەرمیل نەوتی تێدەکرێت.
لەبارەی هاوئاهەنگییان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، ئەو راوێژکارە رایگەیاند، لیژنەیەکیان پێکهێناوە بۆ چارەسەری پیسبوونی چەمی تانجەڕۆ لە سنووری پارێزگای سلێمانی و تیمی کاریان بۆ دروستکردووە.
رۆژی هەینی 31ی تەممووزی 2026، تورهان موفتی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئاو، میوانی بۆڵتەنی 12:00ی رووداو بوو لەبارەی پرسی ئاو و رێککەوتنەکان لەگەڵ تورکیا.
سندووقێک بۆ ئاو دادەمەزرێت
تورهان موفتی رایگەیاند، سەرۆکوەزیران چوار یاداشتی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ خۆی بردە تورکیا بۆ واژۆکردن، ئەوە جگە لە بیرهێنانەوەى لایەنی تورکی بەوەی لێکتێگەیشتنی تایبەت بە میکانیزمی پارەدارکردنی پڕۆژەکانی نێو رێککەوتنی چوارچێوەیی بۆ ئاو لەنێوان هەردوو وڵات دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
رۆژی 28ی تەممووزی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی شاندێک سەردانی تورکیای کرد و چەند یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی واژۆ کرد.
تورهان موفتی رایگەیاند، رێککەوتنی چوارچێوەیی بۆ ئاو لە حکومەتی پێشوو واژۆ کرا، هەفتەی رابردوو ئەنجوومەنی وەزیران دەنگی پێدا بەوەی بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. بەوەش رێککەوتنەکە چووە بواری جێبەجێکردن و سندووقێکی عێراقی-تورکی دادەنرێت و سەرەتا رۆژانە داهاتی 30 هەزار بەرمیل نەوتی تێدەکرێت، لە رێگەی ئەو سندووقەوە کۆمپانیاکانی تورکیا بە هاوکاریی کۆمپانیا عێراقییەکان پڕۆژەکان جێبەجێ دەکەن، چ لە حکومەتی فیدراڵی بێت یان هەرێم و پارێزگاکان.
چۆن ئاو بۆ عێراق بەردەدرێتەوە؟
عێراق یەکێکە لەو 15 وڵاتەی کە کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوایان لەسەرە و لە ریزبەندیی شەشەمدایە، بۆ ئاو پشت بە رووباری دیجلە و فورات دەبەستێت، کە سەرچاوەکەیان لە تورکیایە.
تورهان موفتی گوتی: "بەگوێرەی ئەو لێکتێگەیشتنە لەگەڵ تورکیا گەرەنتیی ئەوە دەکرێت کە بەردەوامیی بەردانەوەی ئاو هەبێت وەک قۆناخی یەکەم. حکومەتی عێراق هاوکێشەیەک دادەنێت و لەسەر ئەو بنەمایە پێویستییەکانی مانگانە و وەرزیی دیاری دەکات، لایەنی تورکیاش لەسەر بنەمای ئەو هاوکێشەیە ئاو بەردەداتەوە."
تورهان موفتی گوتیشی: "پشکی عێراق بەگوێرەی گۆڕانی پێویستییەکانی لەسەر بنەمای ئەو هاوکێشەیەی کە هەیە دەگۆڕێت. ئەم ماوەیە وەرزی بارانبارین بووە، سەرجەم بەنداوەکان لەسەر دیجلە پڕن لەوانە دووکان، دەربەندیخان و مووسڵ."
راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئاو ئاماژەی بە قەبارەی ئێستای ئاوی دیجلە و فورات کرد و گوتی: "ئێستا کۆی ئاوی دیجلە و فورات 800 بۆ 900 مەتر سێجایە لە چرکەیەکدا، کە دوو ئەوەندەی پارە، هەندێک وەرز هەن کە پێویستمان بەوە نییە ئاوی زۆرمان بۆ بەربدرێتەوە و پێشتریش هەندێکجار ئەو داوایەمان لە تورکیا کردووە."
زۆرینەی ئاوی عێراق سەرچاوەکانیان لە ئێران و تورکیایە، کە سەرچاوەی سەرەکیی کشتوکاڵ و خواردنەوەی دانیشتووانەکەن.
تۆرهان موفتی گوتی: "تاوەکو ئێستا و لەوەتەی دەوڵەتی عێراق هەیە، هیچ رێککەوتنێکی ئاویی لەگەڵ ئێران و تورکیا نییە؛ تەنیا رێککەوتنێک کە هەبووبێت لەگەڵ تورکیا بەر لە 80 ساڵ واژۆ کرا و بەشێکی تێدایە بۆ چۆنیەتیی رووبەڕووبوونەوەی لافاو، لەکاتێکدا 60%ی ئاوەکانمان لە تورکیاوە بۆ دێت، ئەو لێکتێگەیشتنەی لەگەڵ تورکیا واژۆ کرا بۆ یەکەمجارە ئاماژەی تێدایە بۆ بەردەوامیی بەردانەوەی ئاو و پشکی عێراق."
لیژنە بۆ چەمی تانجەرۆ پێکهێنرا
راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئاو گوتی: "لەسەر بنەمای نووسراوێکی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ عەلی فالح زەیدی، لیژنەیەک بە سەرۆکایەتیی من پێکهێنراوە بۆ چارەسەری ژینگەیی ئەو رووبارە کە دەچێتە بەنداوی دەربەندیخان و دواتر رووباری دیالە و دیجلە."
ئەو لیژنەیە بۆ چارەسەری پیسبوونی ئەو چەمەی سنووری پارێزگای سلێمانییە کە بەم دواییە هۆشداری لەبارەیەوە درا.
تورهان موفتی گوتی: "لیژنەکە دوێنێ یەکەم کۆبوونەوەی کرد، تیمی کار پێکهێنراوە لە نوێنەرانی وەزارەتەکانی هەرێمی کوردستان و بەنداوی دەربەندیخان، بۆ ئەوەی رووپێوی بکەن لەبارەی ئەو پیسبوونانەی کە هەیە لەگەڵ ماددە پیسکەرەکان و دۆزینەوەی رێگەی پارەدارکردن بۆ چارەسەرکردنی ئەو دۆخەی چەمی تانجەرۆ."


